لەسنوری دێرەزوور تانكەرە نەوتهەڵگرەكانی سوریا دەكرێنە ئامانج

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 740 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:


ڕۆژی پێنجشەممە، بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک، چەکدارانی نەناسراو تانكەرە نەوتهەڵگرەکانی حکومەتی سوریایان لە دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا کردە ئامانج.

چەکدارە نەناسراوەکان کاروانێکی تانكەری نەوتهەڵگریان لە سەر ڕێگای سەرەکی شارۆچکەی جەزرەت ئەلبوحامید لە ڕۆژئاوای  دێرەزوور کردە ئامانج و بەهۆیەوە شۆفێرێک کوژرا و زیانیشیان بە سێ تانکەر گەیاند.

سەرچاوەیەکی خۆجێیی لە شارۆچکەی ئەلحەجنە لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور ڕایگەیاند، سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە لە ناو شارۆچکەکە، چەند چەکدارێکی نەناسراو بە ماتۆڕسکیلەوە دوو تانکەری نەوتهەڵگریان کردە ئامانج.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، "هێرشبەرەکان دروشمی پشتیوانی لە ڕێکخراوی (داعش)یان وتەوە و بۆ ماوەی نزیکەی نیو کاتژمێر لە شوێنی هێرشەکە مانەوە".

سەرچاوەکە ڕوونیشیکردەوە، "هێرشبەرەکان هەڕەشەیان لە شۆفێرانی تانکەرەکان کردووە، پێیان وتوون گواستنەوەی نەوت ڕابگرن و پەیامێک بە شۆفێرەکانی دیکە بگەیەنن و هەڕەشەیان لێدەکرێت ئەگەر بەردەوام بن لە کارکردن".