سێ سیناریۆ له‌باره‌ى ئێرانه‌وه‌ ئاشكراده‌كرێت

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4731 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا جیهان چاوەڕوانی ڕۆژی 6ی نیسان دەکات، هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ سەردەمی بەردین تەنها لێدوانێکی سیاسیی نین، بەڵکو گەیشتونەتە ئاستی جوڵەی سەربازیی مەترسیدار، لەنێوان دەستپێشخەریی پێنج خاڵیی چین‌و بێدەنگیی پڕ لەدوکەڵی تاران، ناوچەکە لەسەر لێواری تەقینەوەیەکی گەورەدایە کە ڕەنگە نەخشەی وزە لەجیهاندا بگۆڕێت.


دیپلۆماسی لەژێر ئاگردا
دوای شکستی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد، ئێستا واشنتۆن ستراتیژی دانوسان لەژێر ئاگردا پەیڕەو دەکات، ترەمپ دەیەوێت پێش گەشتەکەی بۆ پەکین لەمانگی ئایاردا، مەلەفی ئێران یەکلابکاتەوە، ئامانجەکەش ڕونە، یان ڕادەستکردنی تەواوی بەرنامە ئەتۆمی‌و موشەکییەکە، یان ئیفلاسکردنی یەکجاریی سوپای پاسداران لەڕێگەی کۆنترۆڵکردنی دورگەی خارگ کە دەمارە ڕەگی نەوتی ئێرانە.

جەنگی سێبەرەکان‌و گرێکوێرەی هورمز
چاودێران ئاماژە بەوەدەکه‌ن، ئێران کات وەک چەک بەکاردەهێنێت، تاران دەیەوێت لەڕێگەی داخستنی گەروی هورمزو بەرزکردنەوەی نرخی غاز لەئەوروپا (کە گەیشتوەتە 600 دۆلار) بۆ هەر هەزار مەتر سێجایەک، گوشار بخاتەسەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، بەڵام شارەزایان دەڵێن، ئەم یارییە مەترسیدارە، چونکە تاران لەناوخۆدا توشی درزو ململانێی توند بوە لەنێوان باڵی ڕیفۆرمخوازو سوپای پاسداراندا.

سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان بۆ ئێران بریتین له‌سێ سیناریۆ ئه‌وانیش، سیناریۆی یەکەم، درێژکردنەوەی مۆڵەتەکە بۆ جاری سێیەم (وەک هەناسەیەکی دەستکرد بۆ دیپلۆماسی)، سیناریۆی دوەمیش، لێدانی کوشندە ده‌بێت، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی دەریایی‌و وشکانیی خێرا بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە، سیناریۆی سێیەمیش، ڕێککەوتنێکی نیمچەچڵکاو (ئاگربەستی کاتی) کە تەنها شەڕەکە دوابەخات بەبێ چارەسەری ڕیشەیی.

ئێران لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوییدایە؛ یان دەبێت دەستبەرداری خەونە ئەتۆمییەکەیی‌و بریکارەکانی لەناوچەکە بێت، یان ڕوبەڕوی جەنگێک ببێتەوە کە ژێرخانی ئابوریی وڵاتەکە بەتەواوی لەناودەبات، وەک چاودێرانیش دەڵێن، "ئیتر سەردەمی هەڕەشە کۆتاییهات‌و کاتی بڕیارە قورسەکانە".

بەپەلە