ڕێبوار حەسەن
کتێبی "حکومەتی ئیسلامی" کە کۆکراوەی وانەکانی (ئیمام خومەینی)یە لە ساڵی(١٩٧٠) لە نەجەف، تەنها دەقێکی فیقهی سادە نییە، بەڵکو یەکێکە لە کاریگەرترین وەرچەرخانە گەورەکانی بیری سیاسی لە مێژووی هاوچەرخی ئاینزای شیعە. ئەم کتێبە توانی ئەو دیوارە ئەستوورەی نێوان "ئایین" و "سیاسەت" لە بیری ئەواندا بڕوخێنێت کە بۆ چەندین سەدە لەناو حەوزە ئاینییەکاندا چەقی بەستبوو.
کتێبی حکومەتی ئیسلامی تەنها باس لە حەڵاڵ و حەرام ناکات، بەڵکو مانیفێستێکی سیاسییە کە دەڵێت: "ئیسلام ئاینێکە بۆ حوکمڕانی نەک تەنها بۆ پەرستش." خومەینی لەم کتێبەدا دەیەوێت بیسەلمێنێت کە زانای ئاینی دەبێت لە لوتکەی دەسەڵاتی سیاسیدا بێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە "ستەم و گەندەڵی" بکات
گۆڕینی پارادایمی چاوەڕوانی بۆ کردار.
بۆ چەندین سەدە، تیۆری سیاسیی باو لەناو زانایانی شیعەدا لەسەر بنەمای "چاوەڕوانی" بوو، واتە زانایان پێیان وابوو حکومەتی دادپەروەر تەنها مافی ئیمامی دوازدەیەمە و تا ئەو دەرنەکەوێت، دەبێت زانایان لە سیاسەت دوور بکەونەوە، خومەینی لە کتێبەکەیدا ئەم تێڕوانینەی هەڵوەشاندەوە، ئەو پێی وابوو کە ئیسلام ناتوانێت بۆ ماوەی هەزاران ساڵ بێ حکومەت بێت، چونکە جێبەجێکردنی شەریعەت پێویستی بە دەسەڵاتێکی سیاسی هەیە، بۆیە بوونی دەوڵەتی ئیسلامی واجبێکی ئاینیە و لە هەمان کاتدا میکانیزمی بەرجەستەکردنی شەریعەتی ئیلاهیە، واتا دەوڵەت خۆی دوا ئامانج نییە، بەڵکو ئامرازی جێبەجێکردنی شەریعەتە، لێرەدا خومەینی چووەتەوە سەر بۆچوونەکانی قەشە ئۆگستین، کە دەسەڵاتی دنیایی پەیوەست کردووەتەوە بە دەسەڵاتی ئاینی، هەرچەندە ئەو پێی وابوو دەسەڵاتی کەنیسە لە ڕووی ئەخلاقی و ڕۆحییەوە باڵاترە لە دەسەڵاتی پاشاکان بۆیە دەبێت پاشاکان گوێڕایەڵی کەنیسە بن و ڕێنمایی لەوان وەربگرن.
ئۆگستین لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا "شاری خودا"، باس لەوە دەکات کە مرۆڤایەتی دابەش بووە بەسەر دوو شاردا: شاری زەوی و شاری ئاسمان. ئەو پێی وایە دەسەڵاتی دنیایی دەبێت لە خزمەت شاری ئاسماندا بێت بۆ ئەوەی ئارامی و دادپەروەری بەدی بێت.
خومەینی ئەم بیرۆکەیەی ئۆگستینی گەیاندە لوتکە لە ڕێگەی ویلایەتی فەقیهەوە. ئەو پێی وایە زانای ئایینی (فەقیهـ) نابێت تەنها ڕێنماییکار بێت، بەڵکو دەبێت خۆی لە لوتکەی دەسەڵاتدا بێت بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە کە کۆمەڵگە بەرەو لادان ناچێت.
ناوەڕۆکی سەرەکی کتێبەکە لەسەر چەمکی (ویلایەتی فەقیه ) دەوەستێت. خومەینی لەم کتێبەدا باس لەوە دەکات فەقیهەکان کە زانایانی ئایینی دادپەروەرن، لە هەمان کاتدا "ئەمینەکانی پێغەمبەرانن". ئەو دەڵێت ئەگەر فەقیهێک حکومەتێکی پێکهێنا، ئەوا هەمان ئەو دەسەڵاتەی هەیە کە پێغەمبەر لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا هەیبووە. ئەمە گەورەترین بازدانی فیکری بوو کە پۆستی "ڕێبەری" کردە پیرۆزترین و بەهێزترین پێگە لە سیستەمەکەدا.
بەشێکی زۆری کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ هێرشکردنە سەر سیستەمی پاشایەتی. خومەینی پاشایەتی بە نەریتی قەیسەر و کیسرا ناو دەبات و بە دژە ئیسلامی دەزانێت. هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە دوژمنانی ئیسلام (ئیستعمار) وایان لە خەڵک و زانایان گەیاندووە کە ئیسلام تەنها نوێژ و ڕۆژووە، کاریان لەسەر ئەوە کردووە کە ئیسلام تەنها لەناو مزگەوتەکاندا کورتبکەنەوە تا دەست بەسەر سامان و چارەنووسی ووڵاتە ئیسلامییەکاندا بگرن.
ئەم کتێبە تەنها تیۆری سەر کاغەز نەبوو، نۆ ساڵ دوای بڵاوبوونەوەی، بوو بە بناغەی دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران. بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، تیۆرییەک لە ناو حەوزەی ئاینیەوە هاتە دەرەوە و بوو بە سیستەمێکی حوکمڕانی کە تێیدا پیاوێکی ئایینی لە لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتدا لەسەر کورسی دانیشت.
کتێبی "حکومەتی ئیسلامی" خومەینی، ململانێیەکی قووڵی لە جیهانی ئیسلامیدا دروست کرد، لە لایەکەوە ڕێگەی خۆشکرد بۆ سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسیی دەسەڵاتخواز، و لە لایەکی تریشەوە بووە جێگەی ڕەخنەی زۆرێک لە ڕۆشنبیران و تەنانەت مەرجەعە ئاینییەکانی تری وەک (حەوزەی نەجەف) کە پێیان وابوو تێکەڵکردنی ئایین بە دەسەڵاتی سیاسی، زیان بە پیرۆزیی ئایین دەگەیەنێت.
