تەڵە چوار ڕۆژیەکەی مۆساد.. بۆچی پلانی ئیسرائیل‌و ئەمریکا بۆ ڕوخانى ئێران شکستیهێنا؟

جیهان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4670 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم تەمومژاویترین قۆناغی مێژوییدایە، شارەزایەکی سەربازیی پەردە لەسەر نهێنییەکانی شکستی جەنگی خێرا لادەبات، لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی کۆتاییهاتنی گرژییەکانی ناوچەکەیە، عەمید سەمیر ڕاغب پسپۆڕی سەربازیی‌و ستراتیژیی ميسريى، هۆشدارییەکی توند دەدات‌و دەڵێت، "ئەوەی ئێستا ڕودەدات ململانێیەکە کە کاریگەرییەکانی بۆ چەندین ساڵ دەمێنێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆ دەنگی تۆپەکانیش کپ ببنەوە".


عەمید سەمیر ڕاغب پسپۆڕی سەربازیی‌و ستراتیژیی ئاشکرایدەکات، ئەمریکاو ئیسرائیل، بەپشتبەستن بەڕێنمایییەکانی داود بەرنیا سەرۆکی مۆساد، وایان وێناکردبوو کە دەتوانن تەنها لەچوار ڕۆژدا کۆتایی بەجەنگی ئێران بهێنن، پلانەکە کورتکرابوەوە لەسەربڕینی لوتکەی دەسەڵات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕژێم، ڕێک وەک ئەوەی لەگەڵ سەرکردایەتیی حزبوڵڵا لەلوبنان کرا.

وه‌كو ئه‌و ده‌ڵێت، "بەڵام ئەو خاڵەی پلاندانەرانی تەلئەبیب‌و واشنتۆن فەرامۆشیانکرد، دەوڵەتی قووڵی ئێران بوو، سوپای پاسداران تەنها چینێکی سیاسی نییە کە بەتیرۆرکردن لەناوبچێت، بەڵکو سیستەمێکی ئاڵۆزی خاوەن یەک ملیۆن ئەندامە کە لەچەندین نەوەو شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی‌و ئایینی پێکهاتوە، ئەمەش وایکردوە ڕوخاندنی ڕژێم لەڕێگەی تیرۆری فیزیکییەوە ببێتە مەحاڵ".

ئەو پسپۆڕە جەختدەکاتەوە، "ئێران پارچە پارچەش بکرێت، دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانێکی فراوانی بەرگریی گەریلایی هاوشێوەی حزبوڵڵاو حوسییەکان، بەڵام لەسەر ڕوبەرێکی گه‌وره‌ى 1.6 ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە، ئۆکرانیا کە ساڵانێکە بەرگریی دەکات، تەنها چارەکی ڕوبەری ئێرانە، ئەی دەبێت دۆخەکە چۆن بێت لەوڵاتێکدا کە کۆنترۆڵی گرنگترین ڕێڕەوی ئاویی جیهان دەکات؟".

لەشیکردنەوەکەیدا، ڕاغب ئاماژە بەخاڵێکی هەستیار دەکات‌و ده‌ڵێت، "ئێرانییەکان وەک نەتەوەیەکی فارسی مامەڵە دەکەن کە شکست بەکۆتایی ناسنامەی خۆیان دەبینن".

به‌بڕواى عەمید سەمیر، "ئەمریکا دەتوانێت جەنگێک بدۆڕێنێت بەبێئەوەی زیان بەنەتەوەکەی بگات، ئیسرائیلیش لەترسی لەناوچون دەژی، چونکە خاکێکی داگیرکردوە کە هی خۆی نییە، ئێرانیش بەلۆژیکی بەرگریی لەمانەوەی نەتەوە دەجەنگێت، ئەم هاوکێشەیەش وایکردوە کە تەنها هێزی سەربازیی ڕوت نەتوانێت چارەنوسی ئەم جەنگە یەکلایی بکاتەوەو ناوچەکە بەرەو یارییەکی سفری بەرێت کە تێیدا هەردولا دەیانەوێت تەنها خۆیان براوەی ڕەهابن، ئەمەش تێچویەکی ئابوریی‌و مرۆیی گەورەی بۆ جیهان لێدەکەوێتەوە".

بەپەلە