شارپرێس:
ئەو کچانەی لەجەنگی
دژی داعشدا جیهانیان سەرسامکرد، ئێستا بەهەمان ئیرادەی پۆڵایینەوە لەناو جەرگەی دیمەشقن،
یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لەمیانی کۆبونەوەیان لەگەڵ وەزیری بەرگریی سوریا،
جەخت لەوەدەکەنەوە، تێکەڵبونیان بەسوپای نوێ، تەنها بەپاراستنی شکۆو تایبەتمەندیی
سەربازیی خۆیان دەبێت، وەک هێزێک کە پارێزەری ڕاستەقینەی ژنو خاکو کەرامەتە.
لەهەنگاوێکی مێژوییدا
کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتیدا دروستکردوە، یەکینەکانی
پاراستنی ژنان (یهپهژه) دەرگای گفتوگۆیەکی چارەنوسساز لەگەڵ حکومەتی نوێی دیمەشق
دەکاتهوه، لهوبارهیهوه بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەژە، وردەکاری کۆبونەوەیەکی
مێژویی لەگەڵ وەزیری بەرگریی سوریا ئاشکرادهكات.
ڕۆکن جەمال بەڕێوەبەری
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەژە ڕایگەیاند، یەپەژە وەک دەستکەوتی مەزنی شۆڕشی ژنو ڕۆژئاوا،
ئامادەیە بۆ تێکەڵبون بەپێکهاتەی سوپای نوێی سوریا، بەڵام بەمەرجێک کە تایبەتمەندییو
شکۆی 13 ساڵەی خەباتیان پارێزراوبێت.
دهشڵێت،
"ئەم جوڵەیە لەچوارچێوەی ڕێککەوتنامەی 29ی کانونی دوەمی نێوان هێزەکانی سوریای
دیموکرات (هەسەدە)و حکومەتی سوریادایه کە ئامانجی دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانیو
دەستورییە".
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی
یەپەژە بەشێوەیەکی بڕیاردەرانە جەختیکردەوە، "ئێمە بۆ پاراستنی ژنانو هەموو
پێکهاتەکان لێرەین، کۆبونەوەكهى دیمەشقیش بەواتای ڕێککەوتنی کۆتایی نییە، بەڵکو دەستپێکی
خەباتێکی نوێیە بۆ ئەوەی جێگەی ژن لەسوپای سوریا بەیاساییو بەپاراستنی ناسنامەی خۆمان
بچەسپێنین".
جهختیشیكردهوه،
"ئەم هەنگاوە نوێیە، ئاسۆیەکی نوێ بۆ داهاتوی سوریا دەکاتەوە، سوپایەک کە تێیدا
کچانی کۆبانێو عەفرینو جەزیرە، بەچەکو ئیرادەی خۆیانەوە، ببنە بەشێک لەپارێزەرانی
نیشتمان، بەبێئەوەی دەستبەرداری ئەو ڕێبازەبن کە 13 ساڵە خوێنی بۆ دەڕێژن".
چاودێران پێیانوایه،
ئەو هەنگاوەى یهپهژه لهسهر مێزى دانوستانى دیمهشق، تەنها ڕێککەوتنێکی سەربازیی
نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی مێژوییە بۆ سوپای نوێی سوریا، ئایا دەتوانێت باوەش بۆ
کچانی شۆڕشگێڕ بگرێتەوە وەک پارێزەری نیشتمان، بەبێئەوەی دەستکاریی ناسنامەو شکۆی
13ساڵەیان بکات؟ ڕۆژانی داهاتوو وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە کە ئایا چەکی یەپەژە
لەدیمەشق بەهەمان شکۆی کۆبانێو عەفرینەوە دەمێنێتەوە یان نا.
