شارپرێس:
لەنێوەندی هەڵمەتێکی گەورەی دورخستنەوەی سەرکردە باڵاکانی سوپای ئەمریکا، نامەیەکی دزەپێکراوی ژەنەڕاڵ ڕاندی جۆرج سەرۆک ئەرکانی پێشوی سوپا، هەرادەنێتەوە، ئەم نامەیە کە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە نوسراوە کە پیت هیگسێت وەزیری بەرگریی، داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەستبەجێی لێکرد، پڕە لەپەیامی توند.
ژەنەڕاڵ جۆرج لەنامەکەیدا کە ئاراستەی ئەفسەرە باڵاکانی کردوە، ڕاستەوخۆ دەستدەخاتەسەر برینێکی قوڵو دەڵێت، "سەربازانی ئەمریکا شایەنی مەشقو ڕاهێنانی سەختو سەرکردەی ئازان کە خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێزبن".
چاودێرانیش پێیانوایە، ئەم دەستەواژەیە تەنها وەسف نییە، بەڵکو ڕەخنەیەکی ناڕاستەوخۆیە لەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی کە بەرۆکی سوپای گرتوە.
دورخستنەوەی ژەنەڕاڵ جۆرج، تەنها سەرەتای زنجیرەیەک بوو، وەزیری بەرگری بەیەکجار زیاتر لە12 فەرماندەی پلە باڵای سوپای دورخستەوە، كه بریتیبون له(سی. کیو. براون ـ سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەش، لیزا فرانشێتی ـ بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە دەریایییەکانو جێفری کروز ـ سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگری بەرگریی).
ئەو هەنگاوە وەک بومەلەرزەیەک لەناو دامەزراوەی سەربازیی ئەمریکا وەسفدەکرێت، کە ئامانج لێی گۆڕینی ڕیشەیی پێکهاتەی فەرماندەییو هێنانە پێشەوەی ئەوکەسانەیە کە لەگەڵ دیدگای نوێی کارگێڕییەکەدا دەگونجێن.
لەئێستادا، ژەنەڕاڵ کریستۆفەر لانیڤ بەوەکالەت پۆستی سەرۆک ئەرکانی سوپای وەرگرتوە، جۆرج لەکۆتایی نامەکەیدا داوا لەهاوپیشەکانی دەکات کە ڕێگرییە بیرۆکراتییەکان بشکێننو تەنها جەخت لەسەر سەرکەوتن لەبەرەکانی جەنگی مۆدێرن بکەنەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە نابێت سوپا ببێتە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان.
