سەرۆکی ئیمارات دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی مردنی لەگەڵ لیندزی گراهام دەرکەوت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 411 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات ئەمڕۆ پێشوازی لە لیندزی گراهام، ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئیمارات، کۆبوونەوەکە کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەبوزەبی بەڕێوەچوو، تێیدا تیشک خرایە سەر پەیوەندییە دۆستانە و هاوکارییە ستراتیژییەکانی نێوان ئیمارات و ئەمریکا، و پابەندبوونی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی هاوبەشییەکانیان بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان بکات.


جگە لە پێشهاتە ناوچەییەکان، لەسەر کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و کردەوەی هاوبەش بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەگشتی گفتوگۆ کرا.

ئەمە یەکەم دەرکەوتنی شێخ محەمەد بن زایدە دوای سەردانەکەی تەمیم حەمەد ئالسانی میری قەتەر بۆ ئەبوزەبی لەڕۆژی شەممە.

هاوکات دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و محەمەد بن زاید، ڕاگەیەندراوێکی تورکیا کە ئاماژەی بەنەخۆشی سەرۆکی ئیمارات کردبوو بڵاوکرایەوەو دواتر سڕایەوە.

هەروەها لەنێو سۆشیال میدیا دەنگۆی مردن یان جەڵتەلێدانی محەمەد بن زاید و دروستبوونی ململانێ لەسەر شوێنگرەوەی بڵاوکرایەوە، بەڵام میدیاکانی ئیمارات لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا دوو ڕاگەیەندراویان بەناوی سەرۆکی وڵاتەکەوە بڵاوکردەوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە لەکاتێکدایە ناکۆکی لەنێوان ئیمارات لەگەڵ سعودییە و قەتەرو تورکیا دروستبووە.

بەپەلە