کۆشکی سپی بۆ تاران: ڕێککەوتن یان دەرگای جەهەنەم

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1520 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

واشنتۆن دواین هۆشداریی ئاراستەی تاران دەکات؛ کۆشکی سپی ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بڕیاریداوە دەرگای جەهەنەم بەڕوی ئێراندا بکاتەوە ئەگەر مەرجەکانی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ جێبەجێنەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە ناوچەکە لەبەردەم گەورەترین گورزی سەربازیی مێژوییدایە.


گەورەترین هەڕەشەی مێژویی ئاراستەی ئێران دەکرێت
لەهەنگاوێکی کتوپڕو بێپێشینەدا، کۆشکی سپی لەڕێگەی وتەبێژەکەیەوە، کارۆلین لێڤیت پەیامێکی ئاگرینی ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، ڕاشیگەیاند، "کاتی یارییە دیپلۆماسییەکان بەسەرچوەو ئێران لەبەردەم دوو بژاردەدایە، یان قبوڵکردنی مەرجەکان، یان ڕوبەڕوبونەوەی، دەرگای جەهەنەم".

15 خاڵ بۆ ڕزگاربون لەجەنگ
لێڤیت ئاشکرایکرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ 15 خاڵی سەرەکی وەک نەخشەڕێگه‌ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە خستوەتە بەردەم تاران، سەرەڕای ئەوەی تاران هێشتا وەڵامێکی فەرمی‌و کۆتایی نەداوەتەوە، بەڵام لێڤیت جەختیکردەوە، ئەمە دوایین دەرفەتە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان پێشئەوەی فشارەکان بگەنە ئاستێکی گەڕانەوە بۆ دواوە.

هەڕەشەی "دەرگای جەهەنەم"
لەتوندترین بەشی لێدوانەکەیدا، وتەبێژی کۆشکی سپی وتی، "سەرۆک ترەمپ بەڵێنیداوە، ئەگەر ئێران نەیەتەسەر مێزی ڕێککەوتن‌و مەرجەکان جێبەجێنەکات، ئەمجارە دەرگای جەهەنەمی بەڕودا دەکاتەوە"، ئەم دەستەواژەیە ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەگەری بەکارهێنانی هێزی سەربازیی‌و توندترین سزای ئابوریی کە تائێستا مێژوو بەخۆیەوە نەدیوە.

گورزە مێژوییەکان؛ پەیامێک بۆ جیهان
لێڤیت ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا لەم ماوەیەی دواییدا "گەورەترین‌و کاریگەرترین گورزی وەشاندوە"، لەدوای جەنگی دوەمی جیهانییەوە، ئەمەش وەک پەیامێکی کرداری بۆ ئێران‌و گروپە هاوپەیمانەکانی لێکدەدرێتەوە، کە واشنتۆن ئامادەیە بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا، پەنا بۆ هەموو بژاردەکان ببات.

ناوچەکە لەسەر لێواری تەقینەوەیە، لەکاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەژورە داخراوەکاندا بەردەوامن، زمانی هەڕەشەکانی کۆشکی سپی گەیشتوەتە ئاستێک کە هیچ بوارێک بۆ پاشەکشە ناهێڵێتەوە، جیهان چاوەڕوانی وەڵامی تارانە، ئایا مەرجەکان قبوڵدەکات، یان ناوچەکە بەرەو ئاگری "جەهەنەمێکی" نوێ دەچێت؟.