هاواری سیناتۆرێکی ئەمریکی لەدڵی واشنتۆنەوە: ئێران مەکەنە عێراقێکی تر

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1542 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زه‌نگى هۆشداریی لێدرا؛ لەکاتێکدا دەنگی تەقینەوەو موشەکەکان لەئاسمانی ناوچەکەدا بێدەنگ نابن، لەناوجەرگەی بڕیاردانی سیاسیی لەئەمریکا، دەنگێکی ناڕازیی بەرزدەبێتەوە، نانسی مەیس ئەندامی کۆمارییەکان لەئەنجومەنی نوێنەران، بەتوندیی هۆشداریدەدات لەوەی کە "ئامێری شەڕی واشنتۆن" خەریکە ئەمریکا بەرەو هەڵدێرێکی دیكه‌ دەبات.


مەیس دوای دەرچونی لەکۆبونەوەیەکی داخراوی لیژنەی هێزە چەکدارەکان، بەڕاشکاوی ڕایگەیاند، "ڕێگەنادەم ڕۆڵەکانی کارۆلاینای باشور بنێردرێن بۆ جەنگی زەمینی لەئێران، ڕابردوو وانەیەکی تاڵی پێداوین‌و نابێت ئێران ببێتە عێراقێکی تر بۆ سوپای ئەمریکا".

ئەم هۆشدارییە لەکاتێکدایە کە "پنتاگۆن" بڕیاری ناردنی هەزار سەربازی لەفیرقەی 82ی په‌ره‌شوتوانى بۆ ناوچەکە داوە، ئەم جوڵە سەربازییانە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری فراوانبونی شەڕ دەبینرێن، کە ئێستا پێی ناوەتە 26مین ڕۆژی خۆیی‌و تیایدا موشەک‌و درۆنەکان بونەتە زمانی سەرەکی گفتوگۆی نێوان لایەنەکان.

مەیس گەرچی ستایشی سەرکەوتنەکانی پێشوی ترەمپی کرد، بەڵام مەترسییەکی گەورەی نیشانداو وتى، "مەترسیی هه‌یه‌ کە واشنتۆن جارێکی دیكه‌ بکەوێتە ناو زۆنگاوێکی سەربازییەوە کە دەرچون لێی ئاسان نەبێت"، ئەم لێدوانانە نیشانەی درزێکی قووڵە لەناو بەرەی سیاسیی ئەمریکا سەبارەت بەوەی، ئایا ئەمە تەنها بەرگرییە یان سەرەتایەکە بۆ جەنگێکی بێ کۆتایی؟.