شارپرێس:
پارێزگاری هەولێر ئاشكرایكرد بەیانی ئەمڕۆ زنجیرەیەک هێرشی درۆنیی کراوەتەسەر یهكێك لهکۆگاكانی ڕۆنی ئۆتۆمبێلو بەو هۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتوەتەوە، دهشڵێت، "لهكاتێكدا تیمهكانى ئاگركوژێنهوه سهرقاڵى كۆنترۆڵكردنى ئاگرهكه بونه، بهدرۆن هێرشكراوه، بهو هۆیهشهوه بڕیاردرا بهكشانهوهى تیمهكان".
ئومێد خۆشناو پارێزگارى ههولێر ڕایگهیاند، "هێرشی یەکەم لەکاتژمێر 7:30ی بەیانی ئەنجامدرا، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، بەڵام لەکاتژمێر 8:40 خولەکو لەکاتی سەرقاڵبونی تیمەکان بەکارەکانیان، جارێکی دیکە لەڕێگەی درۆنی دوەمەوە هێرشکراوەتەوەسەر هەمان شوێن".
بهوتهى ئومێد خۆشناو، "زنجیرە هێرشەکان بەردەوامبونو لەکاتژمێر 10:20خولەکی پێشنیوەڕۆ بۆ جاری سێیەم درۆنێکی دیکە لەشوێنی ئاگرەکەیداوە، بەگشتیی سێ درۆن لەکۆگاکەیانداوەو درۆنێکی دیکەش پێش پێکانی ئامانجەکەی، لەئاسماندا تەقێندراوەتەوە".
سەبارەت بەدۆخی ئێستای شوێنی ڕوداوەکە، پارێزگاری هەولێر وتى، "لەپێناو پاراستنی گیانی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانو تیمەکانی بەرگریی شارستانی، داواکراوە لەشوێنی ڕوداوەکە دوربکەونەوە، چونکە بەهۆی سێجار بۆردومانکردنو گەورەیی قەبارەی ئاگرەکەوە، هیچ شتێک لەناو کۆگاکەدا نەماوە نەسوتابێت".
ئومێد خۆشناو ئهوهشى ڕاگهیاند، "بەهۆی مەترسییەکانو نەبونی هیچ شتێکی ڕزگارکراو لەناو کۆگاکەدا، لەئێستادا تیمەکان چاوەڕێدەکەن ئاگرەکە خۆی بکوژێتەوە".
هەروەها ڕایگەیاند، سەڕەرای هوشداریی بەرگریی شارستانی هێزە ئەمنیەکان، داواشی لەو هاوڵاتیانە کرد کە لەشوێنی ڕوداوەکە کۆبونەتەوە، بۆ سەلامەتیو پاراستنی خۆیان لەم شوێنە دوربکەونەوە.
