ئه‌مریكا 12 بەرازی ئەفریقی ڕه‌وانه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌كات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1339 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەجیهانی فڕۆکە جەنگییەکاندا کە هەمویان بەجوانی‌و خێرایی ناسراون، فڕۆکەیەک هەیە کە یاساکانی شکاندوە، فڕۆکەی (A-10 Thunderbolt II) کە لەناو سەربازەکاندا بە(Warthog ـ واته‌ بەرازی کێوی ئەفریقی) ناسراوە، ئەم ناوە تەنها نازناو نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕوخسارە زەبەلاح‌و ناشرین‌و ترسناکەکەیەتی کە ڕێک وەک بەرازی کێویی ئەفریقی، بۆ مانەوەو شەڕ دروستکراوە، ئێستا ئه‌مریكا بڕیاریداوه‌ فه‌وجێكى ته‌واو له‌و به‌رازه‌ ئه‌فریقیه‌ كه‌ پێكهاتوه‌ له‌ 12 دانه‌ ڕه‌وانه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بكات.


بڕیاری ناردنی 12 فڕۆکەی جۆری ئه‌ى تێن یان كه‌ به‌به‌رازى كێویى ئه‌فریقى-ش ناوده‌برێت، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک بەشێک لەستراتیژییەکی نوێی ئەمریکا دێت بۆ بەهێزکردنی باڵی ئاسمانی لەناوچەکەدا، بەتایبەت لەکاتێکدا کە فڕۆکە پێشکەوتوەکانی وەک F-15و F-16 بۆ ناوچەکانی دیكه‌ى وەک زەریای هێمن‌و ئەوروپا دەگوازرێنەوە.

ئەم هەنگاوە نیشاندەری ئەوەیە کە واشنتۆن هێشتا متمانەی تەواوی بەم فڕۆکە تانک‌ بڕە هەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گروپە چەکدارەکان‌و پاراستنی ئاسایشی دەریایی لەشوێنە هەستیارەکانی وەک گەروی هورمز، چونکە ئەم فڕۆکەیە لەشەڕی نزیک‌و لێدانی ئامانجە خێراکاندا بێوێنەیەو زۆریش به‌نزمى به‌ئاسماندا ده‌سوڕێته‌وه‌.

شاره‌زایانى بوارى سه‌ربازیى باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، جگە لەلایەنە سەربازییەکەی، ئەم بڵاوەپێکردنە پەیامێکی سیاسیی‌و دەرونی بەهێزیشە؛ چونکە بونی بەرازە کێوییە ئه‌فریقیه‌كه‌ لەئاسمانی ناوچەکەدا وەک هێمایەکی پاراستنی هێزە وشکانییەکان‌و سەقامگیریی دەبینرێت.

ناردنی ئەو 12 فڕۆکەیە کە زۆربەیان لەیەکەی پاسەوانی نیشتمانیی ئاسمانییەوە دێن، توانای ئەمریکا بۆ کاردانەوەی خێرا لەبەرامبەر هەڕەشەکان زیاددەکات، بەتایبەت لەکاتی پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ گروپە بریکارەکانی ئێران لەعێراق، لوبنان‌و یەمەن.

سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ ده‌ڵێن، ژمارەی ئێستای ئەمجۆرى فڕۆکەیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، 12 فڕۆكه‌یه‌و به‌ناردنى 12 دانه‌ى دیكه‌ش، ژماره‌یان بۆ 24 به‌رازى كێویى زیاد ده‌بێت، ئه‌مه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رزكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى سه‌ربازانى ئه‌مریكا له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بۆ 50 هه‌زار سه‌رباز.

ئەی تێن (A-10) وەک فڕۆکە شه‌ڕكه‌ره‌كانى دیكه‌ باریک‌و ناسک نییە، لوتە خڕەکەی، بزوێنەرە گەورە دەرپەڕیوەکانی سەرپشتی‌و باڵە ڕاست‌و پانەکانی، ڕێک وەک جەستەی بەرازێکی کێویی ئەفریقی وایە، ئەم دیزاینە بۆ ئەوە نەکراوە جوان بێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە وەک بەرازێکی کێوی لەناو قوڕو لیتەی مەیدانی جەنگدا بجەنگێت‌و بەرگەی هەموو جۆرە لێدانێک بگرێت.

هەروەک چۆن بەرازی ئەفریقی بەددانە درێژو تیژەکانی بەرگریی لەخۆی دەکات، A-10یش خاوەنی ددانێکی کوشندەیە کە بریتییە لەتۆپیGAU-8 Avenger. ئەم تۆپە ئەوەندە گەورەیە کە فڕۆکەکە لەدەوری ئەو دروستکراوە، کاتێک دەست بەتەقە دەکات، وەک ئەوە وایە بەرازێکی بریندار بقیژێنێت، دەنگێکی تۆقێنەر دروستدەکات کە لەرزە دەخاتە دڵی دوژمنەوە.

بەرازی کێویی ئەفریقی ناسراوە بەوەی کە زۆر سەرسەختەو تەنانەت لەبەرامبەر شێرەکانیشدا ڕادەوەستێت، A-10یش بەهەمانشێوەیه‌، ئەم فڕۆکەیە تەنها بۆ هێرش نییە، بەڵکو بۆ خۆڕاگریی دروستکراوە، دەتوانێت لەژینگەیەکی زۆر خراپدا بفڕێت، لەکێڵگە ناڕێکەکاندا بنیشێتەوەو بەهەزاران گوللەی بەرکەوتبێت، بەڵام هێشتا وەک بەرازێکی بەجەرگ لەئاسماندا بمێنێتەوە.

بۆ سەربازانی سەر زەوی، بینینی ئەم بەرازە فڕیوە لەئاسماندا مانای هیوایە، شێوە جیاوازەکەی وایکردوە لەدورەوە بناسرێتەوە، کاتێک دوژمن ئەو لوتە خڕەو ئەو باڵە پانانە دەبینێت، دەزانێت کە ڕوبەڕوی هێزێک بوەتەوە کە تەنها بۆ تێکشکاندن هاتوە، ئەم فڕۆکەیە سەلماندی کە لەجەنگدا، کارایی زۆر گرنگترە لەجوانیی.

فڕۆکەی (A-10 ـ ئه‌ى تێن) یان وەک ئەوەی جیهان پێی دەڵێت بەراز کێویی ئه‌فریقى، نمونەیەکە لەوەی کە چۆن هێز دەتوانێت لەناو دیزاینێکی سادەو خۆڕاگردا خۆی بشارێتەوە، ئەو فڕۆکەیەی کە زۆرکەس بەناشرین ناویان دەبرد، بوو بەخۆشەویستترین‌و کاریگەرترین پارێزەری ئاسمانی، ڕێک وەک بەرازە ئەفریقییەکە کە لەهیچ شتێک ناترسێت.

ئه‌و فڕۆکەیه‌ لەئێستادا بەخێراییەکی جێگیر کە 3900 گوللەیه‌ لەخولەکێکدا دەته‌قێنێت‌و ئەگەر فڕۆکەوانەکە پەنجەی لەسەر پەلەپیتکەکە دانەنێت، تەنها لەماوەی 17 بۆ 18 چرکەدا هەموو فیشەکەکانی ناو کۆگاکەی تەواو دەبن‌و کێشی هەر فیشه‌كێكیشى نزیکەی نیو کیلۆگرامە، کە توانای بڕینی دیوارى ئەستوری تانکەکانی هەیەو هیچ چه‌كێكیش ناتوانێت به‌ئامانجى بگرێت.