چەکی ئەمریکی‌و خەنجەری تۆمەت.. ئایا کورد ڕێڕەوی ڕوخانی کۆماری ئیسلامی گۆڕیی؟

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2194 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کاتێک ترەمپ باسی چەکە جوانەکان‌و باجی قورس دەکات، تەنها باسی شکستی پلانێکی سەربازیی ناکات، بەڵکو گەورەترین درزی متمانە لەنێوان کۆشکی سپی‌و هێزە کوردییەکاندا دروستدەکات، ئەمڕۆ کورد نەک تەنها لەتاران، بەڵکو لەواشنتۆنیشەوە بەوە تۆمەتباردەکرێت کە بوەتە ڕێگر لەبەردەم ڕوخانی خێرای کۆماری ئیسلامی.


لەلێدوانێکی چاوەڕواننەکراودا کە وەک بومەلەرزەیەکی سیاسیی لەناوەندە دیپلۆماسی‌و سەربازییەکاندا دەنگیدایەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پەردەی لەسەر نهێنییەک لادا کە دەکرێت مێژوی پەیوەندییەکانی ئەمریکاو ئۆپۆزسیۆنی ئێران بگۆڕێت.

ترەمپ بەئاشکرا باسی لەناردنی بڕێکی زۆر چەکى کرد بۆ ناوخۆی ئێران، بەڵام ئەمجارە نەیارەکەی تەنها کۆماری ئیسلامی نەبوو، بەڵکو پەنجەی تۆمەتی بۆ نێوەندگیرەکان درێژکرد.

به‌گوێره‌ى گێڕانەوەکەی ترەمپ، واشنتۆن پلانێکی ستراتیژی هەبوە بۆ چەکدارکردنی خۆپیشاندەرانی ناوخۆی ئێران تاوەکو بتوانن بەرگریی لەخۆیان بکەن‌و لەدوو چرکەدا کۆتایی بەدەسەڵاتی تاران بهێنن، بەڵام کێشەکە لێرەوە دەستپێدەکات؛ ترەمپ گروپێکی کوردی (کە دواتر بەگروپ ناوی بردن) تۆمەتباردەکات بەوەی چەکەکانیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان گلداوەتەوەو نەیانهێشتوە بگاتە دەست خەڵکەکە.

ئەو دەڵێت، "وتیان ئەم چەکانە چەند جوانن با بۆ خۆمان بێت"، ئەم دەستەواژەیەی ترەمپ نەک تەنها گوزارشتە لەشکستی پلانەکە، بەڵکو هەڕەشەیەکی مەترسیداریشی لەپشتە کاتێک دەڵێت، "ئەو گروپە باجێکی زۆر قورس دەدەن".

ئەم تۆمەتانە لەکاتێکدایە کە حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ساڵانێکی درێژە لەسەنگەری دژایەتی کۆماری ئیسلامیدان، بەتوندی هەموو جۆرە پەیوەندییەکی سەربازییان لەو شێوەیە ڕەتکردوەتەوە، کاردانەوەی کوردەکان خێراو بڕیاردەربوو، سه‌رجه‌م حزبه‌كانى ڕۆژهه‌ڵات له‌ڕێگه‌ى به‌یاننامه‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌وه‌ وتیان‌و جه‌ختیانكرده‌وه‌، "تەنانەت یەک فیشەکیشمان لەئەمریکا وەرنەگرتوە، نه‌ك چه‌ك".

ئەم دژایەتییەی گێڕانەوەکان، چەند پرسیارێکی جەوهەری دەهێنێتە ئاراوە، ئایا بەڕاستی چەک نێردراوە، یان ئەمە تەنها فشارێکی دەرونییە بۆسەر تاران؟، ئه‌ى ئەگەر چەک نێردراوە، کێ نێوەندگیر بوە ئەگەر کوردەکان نەبن؟، بۆچی ترەمپ لەماوەی دوو ڕۆژدا دوجار ئەم بابەتە دەوروژێنێت؟.

ئەم لێدوانانەی ترەمپ درزێکی گەورەی لەمتمانەی نێوان واشنتۆن‌و هاوپەیمانە کوردەکانی دروستکردوە، لەکاتێکدا ترەمپ پێیوایە ئەگەر ئەو چەکانە بگه‌یشتنایه‌ته‌، ئێستا نەخشەی سیاسیی ناوچەکە گۆڕابوو، کوردەکان وەک قوربانیی یارییەکی سیاسیی گەورە دەردەکەون کە تێیدا تۆمەتباردەکرێن بەوەی ڕێگرییان لەڕوخانی ڕژێمی تاران کردوە.

ئێستا چاوەکان لەسەر ناوەندە هەواڵگرییەکانن؛ ئایا هیچ بەڵگەیەک بۆ ڕاستیی‌و دروستی ئەم چەکانە دەخرێتەڕوو؟ یان ئەمە تەنها لاپەڕەیەکی دیکەیە لەململانێیەکی ئاڵۆز کە تێیدا ڕاستیی یەکەم قوربانییە.