نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشداریی دەدات.. بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی ئێرانەوە تارمایی برسێتیی هەڕەشە لە 32 ملیۆن کەس دەکات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 108 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕاپۆرتێکی نوێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان (UNDP) هۆشدارییەکی توند لەبارەی کارەساتێکی مرۆیی و ئابووریی دەدات کە جیهان دەخاتە مەترسییەوە.

 
 بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لێکەوتەکانی ململانێ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی پەیوەست بە ئێران، دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر لە 32 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا بکەونە ناو بازنەی هەژاریی رەهاوە.

بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان وێنایەکی تاریک بۆ ئەوەی ناوی ناوە "شۆکی سێ لایەنە" دەخاتە ڕوو، کە بریتین لە بەرزبوونەوەی بێپێشینەی نرخی وزە، قەیرانی ئاسایشی خۆراک و دابەزینی ڕێژەی گەشەی ئابووری.

 ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم ململانێ چەکدارییە لە ئێستادا خەریکی پێچەوانەکردنەوەی ڕەوتی گەشەپێدانە و ئەو دەستکەوتانە لەناو دەبات کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی هەژارییەوە بەدەستی هێناون.
پێشبینییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لەسەر بنەمای سێ سیناریۆی جیاواز بۆ گەشەسەندنی جەنگەکە دارێژراون. لە خراپترین سیناریۆدا، ئەگەر پچڕانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بۆ ماوەی 6 هەفتە بەردەوام بێت و بەدوایدا 8 مانگ تێچووی بەرز بمێنێتەوە، ئەوا 32.5 ملیۆن کەس دەچنە ڕیزی هەژارانەوە.
 ئەم ئامارانە پشتیان بە پێوەری بانکی نێودەوڵەتیی بەستووە بۆ وڵاتانی داهات ناوەند، کە هێڵی هەژاریی بە کەمتر لە 8.30 دۆلار بۆ هەر کەسێک لە ڕۆژێکدا دیاری دەکات.

ئەلێکساندەر دی کرۆ، بەڕێوەبەری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژە بەوە دەدات کە کاریگەرییە ئابوورییەکانی جەنگ بۆتە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر و نیگەرانی خۆی دەربڕیوە کە ئەو کەسانەی بەم دواییانە بژێوییان باش بووە، دووبارە دەگەڕێنەوە خوار هێڵی هەژاری، کە ئەمەش بە ئازاربەخشترین بەشی قەیرانەکە دەزانێت.

پێشبینی دەکرێت نیوەی ئەم زیادبوونەی هەژاری لە 37 وڵاتدا چڕ ببێتەوە کە هاوردەکاری وزەن، بەتایبەت لە ئەفریقا، ئاسیا و وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە پێشتر بەدەست کێشەی دارایی و لاوازیی ژێرخانی ئابوورییەوە دەیانناڵاند.
 هاوکات سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش جەخت لەوەدەکاتەوە کە ئەم ململانێیە برینێکی هەمیشەیی لە جەستەی ئابووریی جیهاندا دروست کردووە.

بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کاردانەوەیەکی خێرای جیهانیی دەکات، وەک جێبەجێکردنی سیستەمی گواستنەوەی نەختی کاتی بۆ پاراستنی خێزانە لاوازەکان بە تێچووی 6 ملیار دۆلار.

 بەڵام کێشە گەورەکە لێرەدایە کە وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بودجەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانیان بە بڕی 174 ملیار دۆلار لە ساڵی 2025دا کەم کردۆتەوە بەهۆی قەرزە ناوخۆییەکان و خەرجییە بەرگرییەکان.

لە کۆتاییدا "دی کرۆ" جەخت دەکاتەوە کە وەبەرهێنان لە گەشەپێدان و بەرەنگاربوونەوەی هەژاریی تەنیا ڕێگەیە بۆ سەقامگیریی جیهان و ڕێگریکردن لە ململانێی داهاتوو.