قەیرانی چەکدارە بیانییەکان لەسوریا؛ بۆمبێکی چێندراو لەبەردەم داهاتوی دیمەشقدا

جیهان

22 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1613 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەلەفی چەکدارە بیانییەکان لەسوریا، جارێکی دیكه‌ هاتوەتەوە پێشەوەی پێشهاتە ئەمنییەکان‌و بوەتە گەورەترین مۆتەکەی بەردەم سەقامگیریی وڵاتەکە، بڵاوبونەوەی چەند بەیاننامەیەکی ناڕەزایی لەلایەن چەکدارە بەڕەگەز ئۆزبەکەکانی ناوچەکە، زەنگی مەترسیی تێهەڵچونەوەی شەڕی لێداوەتەوەو دەسەڵاتی نوێی دیمەشقی خستوەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت.


به‌گوێره‌ى شیکارییە ئەمنییەکان، چارەنوسی ئەو چەکدارانە لەنێوان چوار سیناریۆی لێڵ‌و مەترسیداردا دەسوڕێتەوە:

1ـ تێکەڵکردنی سەربازیی (داڕشتنەوەی جەستەی سوپا)
حکومەتی سوریا بژاردەی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ توانەوەو تێکەڵکردنی بەشێک لەو چەکدارانە لەناو دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکاندا تاووتوێدەکات، ئامانجیش لەم هەنگاوە، کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەی هێزو هەڵوەشاندنەوەی فەرماندەیی پێکهاتە چەکدارە سەربەخۆکانە.

2ـ جێگیرکردنی یاسایی (گرەوی ناسنامە)
پێشنیازگەلێک هەن بۆ دەستنیشانکردنی پێگەی یاساییان یان تەنانەت بەخشینی ڕەگەزنامە بەچەکدارە ئاساییەکان، ئەم سیناریۆیە وەک هێورکەرەوەیەک دەبینرێت بۆ ڕێگریکردن لەیاخیبونی چەکداریی یان گەڕانەوەی ناچارکردنیان بۆ وڵاتەکانی خۆیان کە تێیدا ڕوبەڕوی سزای قورس دەبنەوە.

3ـ ناردنە دەرەوە (گواستنەوەی بارگرانییەکە)
گواستنەوە یان ڕەوانەکردنی بەشێک لەم چەکدارانە بۆ بەرەکانی دیكه‌ى ململانێ لەدەرەوەی سنورەکانی سوریا، ئەم بژاردەیە لەڕێگەی ڕێککەوتنی پێشوەختەی هەواڵگرییەوە دەبێت بۆ ئەوەی سوریا لەم بارگرانییە ئەمنییە نێودەوڵەتییە ڕزگاربکرێت.

4ـ پەککەوتنی ئەمنیی (شەڕی ناوخۆیی نوێ)
ئەمەش مەترسیدارترین‌و نزیکترین سیناریۆیە؛ ئەگەر چەکدارەکان داماڵینی چەک‌و چونیان بۆ ژێر چەترو هه‌یمه‌نه‌ى دەوڵەت ڕەتبکەنەوە، پێدەچێت گرژییەکان ببنە هۆی پێکدادانی سەربازیی خوێناوی‌و شەپۆلێکی نوێی ناسەقامگیریی لەناوچەکەدا دروست ببێتەوە.

گوشاری نێودەوڵەتی‌و پارەی ئاوەدانکردنەوە
ئەم دۆسیەیە تەنها پرسێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەئایندەی ئابوریی سوریاوە هەیە، ئەمریکاو هێزە ڕۆژئاواییەکان، مەرجی پاککردنەوەی وڵات لەم گروپە بیانییانەو دورخستنەوەیان لەپۆستە هەستیارەکان، بەستوەتەوە بەسوککردنی سزاکان‌و پێشکەشکردنی هاوکاری دارایی بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە.