شارپرێس:
دەستپێشخەریی "چوار دەریاکە" کە لەلایەن پەیمانگای "نیو لاینز" بۆ ستراتیژییو سیاسەت لەواشنتۆن ڕاگەیەندرا، وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لەمامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشاندەدات، بەجۆرێک کە ناوچەکە لە"ڕێڕەوی ململانێ"وە دەگۆڕێت بۆ "ڕێڕەوی ئابوریی".
ئەم دەستپێشخەرییە لەسەر بنەمای پێگەی جیۆپۆلەتیکی سوریاو تورکیا دامهزراوە کە دەکەونە خاڵی بەیەکگەیشتنی چوار ناوچەی گرنگی جیهان، کە بریتین لەکەنداوی عەرەبی، دەریای قەزوین، دەریای ناوەڕاستو دەریای ڕەش.
ئامانجی پڕۆژەکە بەستنەوەی ئەم ناوچانەیە لەڕێگەی ژێرخانێکی هاوچەرخی وزەو گواستنەوەوە، تاوەکو سوریا، تورکیاو عێراق ببنە پردی گەیاندنی وزەی کەنداوو قەزوێن بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا.
بەرپرسانی پەیمانگاکە جەختدەکەنەوە، ئەم پڕۆژەیە کارێکی خێرخوازی یاخود مرۆیی نییە، بەڵکو ستراتیژییەکی بازرگانیی قازانج ویستە کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەپارێزێتو ئاسایشی وزەی ئەوروپا بەهێزدەکات، هەروەها پشتبەستن بەنەیارانی وەک ڕوسیاو ئێران کەمدەکاتەوەو دەبێتە جێگرەوەیەک بۆ هەژمونی ئابوریی چین.
پڕۆژەکە سود لەئەزمونی سەرکهوتوی "دەستپێشخەریی سێ دەریاکە" لەئەوروپا وەردەگرێت کە لەساڵی 2016 بەپاڵپشتیی ئەمریکا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ لەلوتکەی وارشۆ لەساڵی 2017 بوە واقیع.
ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا، بەفەرمی پشتگیریی خۆی بۆ ئەم بیرۆکەیە دەربڕیوە، کاتێک لەگەڵ تیمی پەیمانگاکە لەکۆتایی مانگی نیساندا کۆبوەوە، هەروەها دەستنیشانکردنی تۆماس باراک وەک نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریاو تورکیا، گرنگیی ستراتیژیی ئەم ڕێڕەوە نوێیە نیشاندەدات.
لەلایەکی دیكهوه، سوریا بۆ بونیادنانەوەی پێویستی بەنزیکەی 400 بۆ 500 ملیار دۆلار هەیە، ئەمەش تەنها لەڕێگەی پڕۆژەی بازرگانیی بەردەوامەوە دابیندەبێت نەک هاوکاریی کلاسیکی.
هاوکات، کۆنگرێسی ئەمریکا لەڕێگەی نامەیەکی فەرمی لەلایەن ئەندامی کۆنگرێس جۆ ویڵسۆن پاڵپشتیی خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکە ڕاگەیاند، بەوپێیەی ڕێڕەوێکی جێگرەوەی پارێزراو بۆ گەروی هورمزو دەریای سور دابیندەکات کە بەهۆی ڕەفتارەکانی ئێرانەوە لەژێر هەڕەشەدان.
ویڵسۆن ئاماژەی بەوەکردوە، یەکگرتنی ئابورییو وزە لەنێوان عێراقو سوریا، چەکێکی کاریگەر لەدەستی ئێرانو میلیشیاکانی دەردههێنێت کە هەمیشە هەوڵی ڕێگریکردنیان لەمجۆرە هاوکارییانەداوە بۆ پاراستنی هەژمونی خۆیان.
لەکۆتاییدا، ویڵسۆن بەڵێنیدا کە ڕاسپاردەکانی ئەم کۆنگرەیە بکاتە پڕۆژەیاسای فەرمی لەکۆنگرێس بەپشتگیریی هەردوو پارتی کۆماریو دیموکرات.
