دواى 600 ڕۆژ له‌هه‌ڵبژاردن پارتى باسى پێكهێنانى حكومه‌ت ده‌كات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1556 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای تێپەڕبونی زیاتر لە 600 ڕۆژ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان‌و پەککەوتنی پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەبەردەوامیی هەوڵەکانیان دەکاتەوە بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی‌و کاراکردنەوەی دامەزراوە یاساییەکانی هەرێم.


پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەبەردەوامیی هه‌وڵه‌كانیان دەکاتەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت‌و کاراکردنەوەی پەرلەمان، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نزیکەی ساڵێک‌و هەشت مانگ (19 مانگ) بەسەر بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024دا تێپەڕیوەو هێشتا لایەنەکان نەگەیشتونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.

مەحمود محەممەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی خستەڕوو و ڕایگەیاند، "هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەم بنبەستە سیاسییە، پێکهێنانی کابینەی نوێ‌و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامن".

لەم چوارچێوەیەدا، وتەبێژەکەی پارتی ئاماژەی بەگرنگیی سەردانەکەی تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان کرد‌و ئاشکرایکرد، لەم دیدارەدا باس لەبەهێزکردنی هەماهەنگیی دوقۆڵیی نێوان هەرێم‌و واشنتۆن دەکرێت.

مەحمود محەممەد باسی لەوەشکرد، دۆسیە ئەمنی‌و سیاسییەکان بەشێکی سەرەکی گفتوگۆکانی نێوان وه‌فدى ئەمریکاو بەرپرسانی هەرێم دەبن، بەتایبەتی تاوتوێکردنی ڕۆڵ‌و پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان لەپاراستنی ئارامی‌و سەقامگیریی ناوچەکەدا.