شارپرێس:
حکومەتی عێراق دەنگۆکانی بڕین یان دواکەوتنی موچە بەهۆی نەبونی بودجەوە بەتەواوی ڕهتدهكاتهوه، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆک وەزیرانیش دڵنیایی کۆتایی دەداتە فەرمانبەرانو خانەنشینان کە شایستە داراییەکانیان هێڵی سورەو بهههموو شێوهیهك پارێزراوە.
مەزهەر محەممەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلێدوانێکی بەپەلەدا، تەواوی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەڕاگرتن یان دواکەوتنی موچە دەکەن بەهۆی پەسەندنەکردنی یاسای بودجەوە.
جەختیکردەوە، موچەی فەرمانبەران، خانەنشینانو تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لاى حكومهت هێڵی سورەو دەوڵەت بەتەواوی پابەندە بەدابینکردنی.
ئاشکراشیکرد، سیاسەتی دارایی عێراق لەئێستادا بهگوێرهى یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ی ساڵی 2019 بەڕێوەدەچێت، بەتایبەتی بهگوێرهى مادەی 13 کە ڕێگە بەوەزیری دارایی دەدات مانگانە بەڕێژەی یهك لهسهر 12 (12/1) لەسەر بنەمای خەرجییەکانی ساڵی ڕابردوو پارە بۆ وەزارەتەکان دابین بکات تائەوکاتەی بودجەی نوێ پەسەنددەکرێت.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم میکانیزمە یاساییە نەک هەر موچەو بژێوی خەڵک دەپارێزێت، بەڵکو بەردەوامی بەپڕۆژە خزمەتگوزارییو وەبەرهێنانە بەردەوامەکانیش دەدات بهگوێرهى ڕێژەی جێبەجێکردنیان، بەو مەرجەی سیولەی نەقدی پێویست (پارهى كاش) لەبەردەستدابێت.
