کێ دەزانێت، کوڕانی تاڵەبانی لەگەڵ تۆمباراک چیان باس کرد؟!

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 95 جار خوێندراوه‌ته‌وه


کێ دەزانێت؟!
کێ دەزانێت، کوڕانی تاڵەبانی لەگەڵ تۆمباراک چیان باس کرد؟!
کێ دەزانێت بارزانیە دەسەڵاتدارەکان چی لەگەڵ باراک باس دەکەن؟!
کەس نازانێت!
کاتێک دامەزراوەی نیشتیمانی، پەرلەمان و حکومەت نەبوو، ئیدی بەرژەوەندی تایبەت چەقی بیرکردنەوە و بڕیاردانە!
سەرنج بدەن، ئێمە تەنها گرفتی ئەوەمان نییە حکومەت و پەرلەمانمان نییە، بەڵکو گرفتەکە زۆرر قوڵترە. بۆ؟!
چونکە، لەم کۆبونەوە جەهەنمیانەدا تەنانەت پارتی و یەکێتیش وەک (حیزب) بەشدار نین، بەڵکو تەنها ئەندامانی خێزانی (بارزانی و تاڵەبانی) بەشدارن.
وەک ئەوەی ئەوو دوو حیزبە مرۆڤێکی تری تێدا نەبێت!
بە درێژایی مێژوو، دوژمن هەوڵی داوە، کورد لەناو فۆرمی پێکهاتە نەریتیەکانی وەک خێڵ و ئاغاو کوێخاو تەریقەت…هتد بمێنێتەوە، چونکە کۆنترۆڵکردنی سەرانی ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتیانە، یەکسانە بە کۆنترۆڵی تەواوی کۆمەڵگەی کوردی.
لە سیستمی حکومڕانی دامەزراوەییدا، بەرامبەر بە لایەنی دانوستانکار چەندە بەهێزیشبێت، بەرژەوەندی گەل، هاوتایی، دبلۆماسیەت، بنەماو چوارچێوەی دانوستانە.
ئەما لە سیستمی خێڵەکیدا، زۆر ئاساییە ببیتە نۆکەرو پاشکۆی دوژمن، شەرمی لێ بکەی، خۆفرۆشی بۆ بکەی، تەنها لە پێناو ئەوەی خێڵە ڕکابەرەکەت ببەزێنیت.
وەک ئەوەی ئەم دوو گروپە خۆسەپێنە دەیکەن.
بەڕێزان لایەنگرانی یەکێتی و پارتی، ئێوە کەی بیر دەکەنەوە؟
کەی لەوە تێدەگەن لە سایەی ئەم دوو بنەماڵەیەدا(بەم عەقڵیەت و ئەخلاقیاتەی ئێستایانەوە)، کورد هیچی نابێت بە هیچ؟!
کەی لەوە تێدەگەن، وەک چۆن سەرانی دەستڕۆیشتویی حیزبەکانتان بە دەستی یەک خزمەتکاری دوژمنن، ئەوا ئێوەش بە دەستی دوو هەم دیس داردەستی دوژمنن!

عەبدوڵای مەلا نوری