د. مەجید ساڵح
(١)
سەرهەڵدانی تۆمارە دەنگییەکان و تۆمەتبارکردنی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد بە گێچەڵکردن بە کچانی خوێندکاری خۆی، شەپۆلێکی بەربڵاوی لە کاردانەوە و ڕەخنەی دروستکردووە. لە کاتێکدا ناوبراو ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و بە چەواشەکاری پێناسەی دەکات، پەنا بۆ گوتاری ئاینی وەک هەڕەشەکردن بە «تۆڵەی خوای گەورە» دەکات… ئەمە تێڕوانینێکی یوڤال نوح هەراری بیردەخاتەوە کە دەڵێ: پیاوانی ئاینی لە ڕێگەی وەڵامی سادەوە هەوڵی وەڵامدانەوەی پرسیارە ئاڵۆزەکان دەدەن؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە سەردەمی ئێستادا، تەنیا ڕێکارە یاساییەکان و پشکنینە تەکنەلۆژییەکان دەتوانن ڕاستی و دروستیی ئەو دەنگانە و تێوەگلانی ناوبراو یەکلایی بکەنەوە.
(٢)
لەلایەکی دیکەوە، بێدەنگیی دامەزراوە فەرمییەکانی وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی ئەوقاف بەرامبەر بە کەیسێکی ئاوها هەستیار و مەترسیدار کە پەیوەندی بە ژینگەی خوێندن و متمانەی گشتییەوە هەیە، نیشانەی پرسیارێکی گەورە لەسەر بەرپرسیارێتیی ئەوان دروست دەکات. هاوشانی ئەم بێدەنگییە حکومییە، پاڵپشتی یان بێدەنگیی بەشێک لە میدیا بەناوبانگەکان لە ئاست ئەم مەلەفە، لێکترازان و سستیی ڕای گشتی و دەزگا چاودێرەکان لە ئاست پرسی ماف و سەلامەتیی خوێندکاران زیاتر زەق دەکاتەوە و پێویستیی بەدواداچوونی جدیتر دەسەلمێنێت.
