شارپرێس:
بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکی قووڵیان بەرامبەر بەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە دەربڕیوە کە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە لەگەڵ ئێران واژۆ کراوە، بەتایبەتی لەو بەشانەی پەیوەستن بە دۆسیەی ئەتۆمی، هەڵگرتنی سزاکان و گرێدانی دۆسیەی لوبنان بە ئێرانەوە.
سەرچاوەیەکی سیاسیی باڵا لە ئیسرائیل ئاشکرای کردووە کە بنیامین ناتانیاهو بە دۆناڵد ترەمپی ڕاگەیاندووە کە وڵاتەکەی لە باشوری لوبنان ناکشێتەوە و ئاسایشی دانیشتووانی باکور ناکاتە قوربانی
ئەمەش لەکاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە باکوری ڕووباری لیتانی، کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی چەند ئەفسەرێکی ڕاگەیاندووە.
لەلایەکی دیکەوە، تەلئەبیب ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی و مانەوە لە ناوچەیەکی دابڕاو بە قووڵایی نزیکەی 10 کیلۆمەتر، ئەمەش بەپێی پێشنیازی سوپا کە گومانی هەیە یاداشتنامەکە ببێتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی.
هاوکات سەرچاوە ئیسرائیلییەکان لەوە دەترسن کە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ترەمپ لەسەر دۆسیەی لوبنان و پێداگریی ئەو بۆ کشانەوەی ئیسرائیل، بگاتە ئاستی قەدەغەکردنی چەکی ئەمریکی، هاوشێوەی ئەو هەنگاوانەی پێشتر جۆ بایدن گرتیەبەر.
سەڕەڕای ئەم گۆشەگیرییە نێودەوڵەتییە، گدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، پچڕاندنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ڕاگەیاند، دوای ئەوەی ناوبراو ئیسرائیلی بە ڕژێمی ئەپارتایدی پێشووی ئەفریقای باشور شوبهاندبوو.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
