شارپرێس:
بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنوسی موچەی مانگی شەش‌و مەلەفی داهاتی ناوخۆ، وه‌فدێكى باڵای حکومەتی هەرێم گەیشتە بەغداو مەرجی ڕادەستکردنی تەنها 50٪ی داهاتی گشتیی دەخاتە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
شارپرێس زانیویه‌تى، وه‌فده‌كه‌ى حکومەتی هەرێم د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات‌و بەسەردانێکی فەرمی گەیشتوه‌ته شاری بەغدا.
به‌گوێره‌ى زانیارییە تایبەتەکانی شارپرێس، بڕیارە وه‌فده‌كه زنجیرەیەک کۆبونەوەی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ‌و دیوانی چاودێری دارایی عێراق ئەنجامبدات، کە تێیدا دۆسیەی موچەی مانگی حوزەیرانی (شەش) فەرمانبەرانی هەرێم لەسەروی کارنامەی گفتوگۆکان دەبێت.
سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ شارپرێس ئاشکرایانکرد، هەرێمی کوردستان لەم دانوستانانەدا داواده‌كات مامەڵەکردن لەگەڵ هەولێر به‌گوێره‌ى یاسای کارگێڕی دارایی بێت؛ بەشێوەیەک کە لەبەرامبەر دابینکردنی تەواوی موچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە، هەرێم تەنها 50٪ی داهاتی ناوخۆیی خۆی ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ بکات، نه‌ك به‌دیاریكراوى 120 ملیار دینار، چونكه حكومه‌تى هه‌رێم جه‌ختده‌كاته‌وه، ئه‌و بڕه پاره‌یه مانگانه كۆنابێته‌وه‌و له‌به‌رده‌ستدا نییه.
هاوکات لەپاڵ دۆسیەی موچەدا، بڕیارە هەردولا گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی دیجیتاڵی "ئەسیکۆدا" بۆ بەدیجیتاڵکردنی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، کە تائێستاش وەک یەکێک خاڵە جێناکۆکەکانی نێوان هەولێرو بەغدا ماوەتەوەو بڕیاره له‌ئاینده‌یه‌كى نزیكدا له‌ته‌واوى ده‌روازه‌كانى هه‌رێمیشدا بچێته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه.
