دیارترین ئەو کەسایەتییانەی لەدوای نەمانی خامنەیی ئیدارەی ئێران دەکەن

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1583 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتی شرۆڤەکاران‌و شارەزایانی سیاسیی، دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لەسەرەتای جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیلدا، پرۆسەی بڕیاردان لەئێراندا لەنێوان دەستەیەک لەبەرپرسانی سیاسیی‌و سەربازییدا دابەشبوە.


ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەریی، موجتەبا خامنەیی (کوڕی عەلی خامنەیی) وەک ڕێبەری نوێ هەڵبژاردوە، بەڵام بەهۆی برینداربونی لەجەنگدا هێشتا بەتەواوی لەکایەی گشتییدا دەرنەکەوتوە.

لێرەشدا لەو کەسایەتییە سەرەکییانە دەخەینەڕوو کە لەئێستادا لوتکەی دەسەڵاتی تاران پێکدەهێنن:

ڕێبەری باڵا؛ موجتەبا خامنەیی
موجتەبا خامنەیی لەدوای باوکییەوە بوه‌تە ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی کە پۆستێکی هەمیشەیییەو خاوەنی وشەی کۆتاییە لەسیاسەتە باڵاکانی وڵاتدا، هەرچەندە هەژمونی ڕاستەقینەی ئەو هێشتا ناڕونە، بەڵام پێناچێت وەک باوکی جڵەوی تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتی لەدەستدابێت کە بۆ ماوەی چوار دەیە حوکمڕانیی کرد.

سەرۆک کۆمار؛ مەسعود پزیشکیان
پزیشکیان لەساڵی 2024وەو دوای کوژرانی ئیبراهیم ڕەئیسی لەڕوداوی کەوتنی هێلیکۆپتەرەکەیدا، پۆستی سەرۆکایەتیی گرتوه‌تە دەست، ئەو سەر بەباڵی میانڕەوە، بەڵام وەک سەرۆک جێبەجێکاری بڕیارە باڵاکانە کە دەبێت لەلایەن ڕێبەرەوە پەسەند بکرێن، پزیشکیان بوو کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ئەمریکا (دۆناڵد ترەمپ) لە دورەوە واژۆکرد.

سەرۆکی پەرلەمان؛ محەممەد باقر قالیباف
قالیباف لەغیابی موجتەبا خامنەییدا، وەک دەموچاوی سەرەکیی سەرکردایەتیی ئێستای ئێران دەردەکەوێت، ناوبراو سەرۆکایەتیی وه‌فدى دانوستانکاری ئێرانی کرد لەگەڵ ئەمریکا بەنێوەندگیریی پاکستان لەئیسلام ئابادو ژنێف.

قالیباف پێشتر فەرماندەی موشەکیی سوپای پاسداران، بەڕێوەبەری پۆلیسی تاران‌و سەرۆکی شارەوانیی پایتەخت بوە، لەم کایە سیاسییەشدا سێجار خۆی بۆ سەرۆکایەتیی کاندیدکردوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوە.

وەزیری دەرەوە؛ عەباس عێراقچی
عێراقچی لەساڵی 2024وە دوای کوژرانی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بوو بەوەزیر، ئەو هاوشانی قالیباف لەدانوستانەکاندا بوو و دەنگێکی دیاری ئێرانە لەمیدیاکاندا، عێراقچی پێشتر ئەندامی سوپای پاسداران بوە، دکتۆرای لەبەریتانیا هەیەو یەکێکبوو لەئەندامانی تیمی دانوستانکاری ڕێککەوتنی ئەتۆمی 2015.

فەرماندەی سوپای پاسداران؛ ئەحمەد وەحیدی
وەحیدی (وەزیری پێشوی ناوخۆو بەرگریی) سێیەم فەرماندەی سوپای پاسدارانە لەماوەی کەمتر لەساڵێکدا، دوای ئەوەی پێشینەکانی (محەممەد پاکپورو حوسێن سەلامی جەنگی 12 ڕۆژەی حوزەیرانی 2025) لەجەنگدا کوژران، وەحیدی لەماوەی جەنگدا زۆر بەکەمی لەمیدیاکاندا دەرکەوتوەو تەنها یه‌ك بەیاننامەی فەرمی لێ بڵاوکراوەتەوە.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی؛ محەممەد باقر زولقەدر
زولقەدر دوای کوژرانی عەلی لاریجانی لەهێرشێکی ئیسرائیلدا لەمانگی ئاداردا، ئەم پۆستە ئاسایشییە باڵایەی گرتەدەست، ناوبراو پاشخانێکی تەواو سەربازیی لەناو سوپای پاسداران هەیەو پێشتر ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆمار بوە کە ئەمەش نیشانەی بەهێزبونی ڕۆڵی پاسدارانە لەبڕیارەکاندا.

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی؛ غولام حوسێن موحسینی ئژەیی
بەپێچەوانەی ئەوانی دیكه‌، ئژەیی لەماوەی جەنگدا دەرکەوتنی میدیایی زیادیکردوەو داوای خێراکردنی سێدارەی تۆمەتبارانی سیخوڕیی دەکات. ماوەی پێنج ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی بەرەو کۆتایی دەچێت‌و چاوەڕواندەکرێت لەسێبەرو سەردەمی نوێی موجتەبا خامنەییدا گۆڕانکاریی بەسەر پێگەکەیدا بێت.