شارپرێس:
لەپێشهاتێکی نوێی توندوتیژییەکانی سوپای تورکیادا لەناوچە سنورییەکانی هەرێم، شەش گەنجی شارەدێی شیلادزێی سەر بەقەزای ئامێدی، دوای ئهوهى كهوتونهته ناو کەمینێکی سەربازانی تورکیاو دواتریش ڕۆژێک لەئەشکەنجەدانو سوکایەتیپێکردن دهستبهسهركراون، دواتر لەژێر هەڕەشەی کوشتندا ئازادکران.
بهگوێرهى ڕاپۆرتێكى كامهران عوسمان ئهندامى تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی (CPT)، ڕوداوەکە سەرلەبەیانی دوێنێ یهكی تەمموز کاتێک دەستیپێکردوە کە ئەم شەش گەنجە بەمەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای خۆڕسکو دابینکردنی بژێوی ژیانیان، ڕویانکردوەتە گوندەکانی (بێسەپێو کوکەرێ) لەنزیک چیای ستراتیژیی کوڕەژارۆ لەپشتی شیلادزێ، بەڵام لەڕێگهدا كهوتونهته ناو کەمینێکی سەربازانی تورکیاو دەستگیركراون.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرایدەکات، سەربازانی تورکیا بەشێوەیەکی دڕندانهو بەبەکارهێنانی قۆنداغی تفەنگ، شەقو زللە، ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆری ئەو گەنجانەیانداوە، دوای ڕاگرتنیان بۆ ماوەی 24 کاتژمێر، ئەمڕۆ ڕێگەیان پێدراوە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام لەژێر هۆشدارییو هەڕەشەیەکی تونددا کە پێیانوتراوە، “ئەگەر جارێکی دیكه بگەڕێنەوە بۆ ئەم شوێنە، ئەوا ژیان بەچاوی خۆتان نابیننەوەو دەتانکوژین".
توندوتیژییەکانی سوپای تورکیا تەنها گەنجەکانی نەگرتوەتەوە، بەڵکو بهگوێرهى زانیارییەکان، سەربازەکان بەقۆنداغی تفەنگو بەرد ئازاری ئەو ئێسترەشیان داوە کە گەنجەکان بۆ گواستنەوەی بار لەگەڵ خۆیان بردبویان، بەشێوەیەک جەستەی ئاژەڵەکە خەڵتانی خوێن کراوە.
شارەدێی شیلادزێ لەئێستادا بەیەکێک لەو ناوچانە دادەنرێت کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای تورکیاوە زۆرترین زیانی بەرکەوتوە، بەتایبەت کە زۆرینەی خەڵکەکەی بژێوی ژیانیان لەسەر ک کشتوکاڵو کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارییە، تائێستا بەهۆی ئەم دۆخە ئەمنییەوە، 92 گوندی سنوری ئەو شارەدێیە لەلایەن سوپای تورکیاوە داگیرکراونو خەڵکەکەی لەمافو زەویىو زاری خۆیان بێبەشکراون.
