فالح فەیاز: 110 بارەگای حەشد بۆردومانکراون‌و 100 كوژراویشمان هه‌یه‌

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2470 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئاشكرایكرد، دەستەکەی لەماوەی ڕابردودا قوربانی گەورەیداوە، ده‌شڵێت، "110 بارەگای حەشد ڕوبەڕوی بۆردومان بونەتەوە، به‌هۆیشیه‌وه‌ 100 کەسمان لێ كوژراوه‌".


فەیاز لەمیانی پێشکەشکردنی گوتارێکدا له‌كۆڕبه‌ندى (نەینەوا.. ئێستا داهاتوو دروستدەکات)، کە تێیدا گەشبینی خۆی بۆ داهاتوی پارێزگای نەینەوا دەربڕیی‌و جەختیکردەوە، پارێزگاکە بەخێرایی لەشوێنەوارەکانی داعش چاکدەبێتەوە.

فەیاز زانیاریی زیاتری خستەڕوو کە نەینەوا خاوەنی میراتێکی مەزن‌و پێگەیەکی جوگرافی گرنگەو هیوای خواست پارێزگاکە ڕۆڵی سەرەکی خۆی لەنەخشاندنی سیمای عێراقدا لەماوەی پێنج ساڵی داهاتودا بگێڕێتەوە، ئه‌و وتى، "ڕەنگە نەینەوا لەئێستادا لەبەغداو بەسرەش ئارامتربێت".

سەبارەت بەقەزای شنگال-یش فەیاز وتى، "دەستەکە کاردەکات بۆ تەواوکردنی مەلەفی قەزاکە لەماوەی سێ مانگی داهاتودا، بەئامانجی دورخستنەوەی لەبازنەی ململانێکان‌و جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی سەقامگیریی کە پێشتر بەشداربوە لەخێراکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان".

فەیاز ئه‌وه‌شى وت، "میکانیزمەکانی داخستنی کەمپەکانی ئاوارەکان تەواوبون‌و هەندێک لایەنی تۆمەتبارکرد بەوەی ڕێگریی لەم مەلەفە دەکەن بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان".

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەسەر سروشتی حەشدی شەعبی، فەیاز ڕونیکردەوە، "دەستەکە پشتگیریی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراقی هەیەو سەرکەوتوبوە لەشکاندنی دۆخی دابەشبونی تائیفی‌و کۆکردنەوەی هاوڵاتیان لەپارێزگا ڕزگارکراوەکاندا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داعش".

ئاماژەی بەوەشدا، ڕێژەی هەرە زۆری قوربانیانى حەشدی شەعبی لەماوەی سێ ساڵی ڕابردودا لەپارێزگاکانی (نەینەوا، سەڵاحەدین‌و ئەنبار) بون، جەختیشیکردەوە، حەشد بەشداربوە لەبەهێزکردنی فرەیی لەنەینەواو پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لەسەروی کارەکانی خۆی دادەنێت.

لەسەر ئاستی سیاسیی، فەیاز وتى، "سیستەمی سیاسی عێراق لەسەر بنەمای دیموکراسی‌و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بونیادنراوە، پێموایه‌، لۆژیکی شەڕ شکستی خۆی لەغەززە، لوبنان‌و ئێراندا سەلماندوە".