شارپرێس:
عێراق بەفەرمی بەڵێنی بەئیدارەی ترهمپ داوه
ڕێگریی بکات لەگەیشتنی دۆلار بەئێرانو گروپه چەکدارەکان، چ لەڕێگەی بازاڕی دراوەوە
یان لەڕێگەی موچەی فەرمییەوە، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتۆن بۆ ماوەی چوار مانگ ناردنی
دۆلاری کاشی بۆ بەغدا ڕاگرتبوو.
ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) ئاشكرایكردوه،
عێراق لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترهمپ سەرۆکی ئەمریکا گەیشتوەتە ڕێککەوتنێک بۆ جێبەجێکردنی
ڕێوشوێنی نوێی چاودێریی کە ئامانج لێی ڕێگریکردنە لەگەیشتنی دۆلاری کاش بەئێرانو
ئەو گروپە چەکدارانەی کە هاوپەیمانین.
ڕۆژنامەکە لەزاری بەرپرسانی ئەمریکیو عێراقییەوە
گواستویەتییەوە، کە ئەم ڕێککەوتنە کۆتایی بەڕاگرتنی ناردنی دۆلاری کاش بۆ بەغدا هێنا
کە بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوامبوو،
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا-ش لەکۆتاییەکانی
مانگی شوباتدا، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ئێران، ناردنی دۆلاری کاشی بۆ
عێراق ڕاگرتبوو.
ئەم بڕیارە بوە هۆی بێبەشکردنی حکومەتەکەی عەلی
زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو دۆلارە کاشەی کە لەداهاتی هەناردەکردنی نەوتەوە بەدەستدەهات
کە لەئەژمارەکانی بانکی یەدەگی فیدراڵی لەنیویۆرکدا دادەنرێت.
ڕاگرتنی ناردنی دۆلاری کاش لەکاتێکداهات کە
هەناردەی نەوتی عێراق بەهۆی جەنگ لەگەڵ ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردبوو، ئەم هەنگاوەی
ئەمریکاش بەئامانجی زیادکردنی گوشارەکان بوو بۆسەر بەغدا تاوەکو پەیوەندییەکانی لەگەڵ
تاران کەمبکاتەوە؛ بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، ئێران عێراقی وەک سەرچاوەیەک بۆ دەستکەوتنی
دۆلاری کاشو پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا بەکارهێناوە.
ئەم ڕێوشوێنە بەشێکە لەهەوڵە بەرفراوانەکانی
ئیدارەی ئەمریکا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا دوای هەڵگیرسانی جەنگەکە.
بەرپرسان ڕایانگەیاندوە، بانکی یەدەگی فیدراڵی،
بهگوێرهى ڕێنماییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لانی کەم دوو باری دۆلاری کاشی
بۆ عێراق هەڵوەشاندوەتەوە کە بەهای یەکێکیان بەنزیکەی 500 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرا،
پرۆسەی ناردنی دۆلاری کاش بۆ بەغدا لەکۆتایی مانگی ڕابردوەوە دەستیپێکردوەتەوە.
بهگوێرهى زانیارییهكان، لەچوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا،
حکومەتی عێراق بەڵێنیداوە کە ڕێگریی بکات لەوەی ئێرانو هاوپەیمانەکانی لەڕێگەی کۆمپانیاکانی
ئاڵوگۆڕی دراوی عێراقییەوە دۆلاری کاش بەدەستبهێنن، سەرەڕای ڕێگریکردن لەگەیشتنی دۆلاری
کاش بەئەندامانی گروپە چەکدارەکانی دڵسۆز بۆ ئێران لەڕێگەی پێدانی موچەکانیانەوە.
