تۆڕی جاڵجاڵۆکەی گەندەڵی لەعێراق؛ ئایا یاسا تەنها مێشە بچوکەکان دەگرێت؟

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2661 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شرۆڤەکاران ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، ململانێی دەوڵەتی قووڵ‌و پشکپشکێنەی سیاسیی، ڕێگرن لەسەرکوتکردنی سەرکردە گەورەکانی گەندەڵی لەعێراق، جه‌ختیشده‌كه‌نه‌وه‌، "هێشتا بەرپرسی باڵا هەن کە تۆمەتیان ئاراستە نەکراوەو لێکۆڵینەوەکانیش تەنها لەسەر یەک دۆسیەی کەرتی نەوت (پاڵاوگەی بێجی) چڕکراونەتەوە"، ده‌شڵێن، "هەرسێ پێکهاتە سەرەکییەکە (شیعە، سوننەو کورد) لەگەندەڵیدا تێوەگلاون".


هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی بەردەوامی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق سەبارەت بەدەستبەسەرداگرتنی بڕە پارەیەکی زەبەلاح لەدۆسیەی عەدنان جومەیلی بریکاری وەزارەتی نەوت، پرسیاری سەرەکی لەناوەندە سیاسییەکاندا ئەوەیە کە ئایا ئەم ڕێکارانە ڕەگی گەندەڵی هەڵدەکێشن یان تەنها لەسەر ئاستی بەرپرسە بچوکەکان دەوه‌ستن.

لەم چوارچێوەیەدا، د.موهەند جەنابی مامۆستای زانستە سیاسییەکان لەزانکۆی کەرکوک‌و عادل مانع سەرنوسەری ڕۆژنامەی سیاسیی عێراقی، لەڕێگەی کەناڵی (سکای نیوز عەرەبی)یەوە دوو دیدگای جیاوازیان لەسەر چڕی ڕاوەدونانی دادوه‌ریى‌و بەردەوامیی کاریگەریی "دەوڵەتی قووڵ" خستەڕوو.

هاوسەنگی هێزو تێوەگلانی کوتلە سیاسییەکان
دکتۆر جەنابی ئاماژەی بەوەکرد، بەراوردکاری نێوان دۆسیەی ئێستاو دۆسیەی "ئەمیندارێتییە باجییەکان" (دزینی سەدە) واقعییەو بەڵگەیە لەسەر بەردەوامیی هەوڵەکانی حکومەت بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی.

ناوبراو دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران‌و بەرپرسانی لەماوەی ڕابردودا بەهەنگاوێکی گرنگ ناوبرد، بەڵام جەختیکردەوە، "هێشتا بەرپرسی باڵا هەن کە تۆمەتیان ئاراستە نەکراوەو لێکۆڵینەوەکانیش تەنها لەسەر یەک دۆسیەی کەرتی نەوت (پاڵاوگەی بێجی) چڕکراونەتەوە".

لەلایەکی دیکەوە، عادل مانع دیدگایەکی ڕەشبینانەی خستەڕوو، ڕایگەیاند، دادپەروەری ناگاتە سەرۆکی پارت‌و کوتلە سیاسییە گەورەکان، ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، هەرسێ پێکهاتە سەرەکییەکە (شیعە، سوننەو کورد) لەگەندەڵیدا تێوەگلاون، ئەمەش بەهۆی ململانێی حزبەکان لەسەر وەزارەتە سیادییەکان کە زۆرترین بودجەیان لەبەر دەستدایە.

مەترسی هەرەسی سیستەم‌و گۆڕانی شێوازی ڕاوەدونان
مانع هۆشداریدا کە ئەگەر سزای یاسایی بەسەر سەرکردە گەورەکاندا نەسەپێنرێت، پرۆسەکە لەقۆناغێکدا دەوەستێت؛ چونکە به‌بڕواى ئه‌و، بەردەوامبونی ڕەنگە ببێتە هۆی هەرەسی تەواوی سیستەمی سیاسی لەعێراقدا، ئاشکراشیکرد، "شێوازی دەستگیرکردنی ئاشکرای وەک ئەوەی لەگەڵ (عالیە نسەیف‌و حەسەن جەنابی) ڕویدا کەمبوەتەوەو گۆڕاوە بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ داواکراوان بۆ پێدانی بڕە پارەیەک کە دەگاتە پێنج ملیۆن دۆلار لەبەرامبەر داخستنی دۆسیەکانیاندا".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ د.جەنابی بەتەواوی ئەو بۆچونەی ڕەتکردەوە، ئەم دۆسیانە بۆ مەبەستی لادانی سیاسیی بن‌و جەختیکردەوە، ڕێکارەکان یاسایی‌و دادوه‌رییه‌كان‌و دادگاش بەسەربەخۆیی پاڵپشتی لەهەنگاوەکانی حکومەت دەکات.

چاکسازییەکان‌و پێویستی ڕوبەڕوبونەوەی پشکپشکێنە
سەبارەت بەدەستێوەردانەکان، مانع ڕایگەیاند، "سەربەخۆیی دادگا چەسپاوە، بەڵام هۆکاری نەبونی یاسای توند لەلایەن حکومەتەکانی پێشوەوە لەدوای ساڵی 2005وە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەڕابردودا پاڵپشتی‌و فشاری ئەمریکا بۆ ڕاوەدونانی گەندەڵکاران بەمشێوەیەی ئێستا بونی نەبوە".

لەکۆتاییدا، د.جەنابی جەختیکردەوە، "سەرکەوتنی ئەم هەڵمەتە پێویستی بەچاکسازیی ڕیشەیی هەیە لەشێوازی پێکهێنانی حکومەتدا، بەجۆرێک کە دوربێت لەپشکپشکێنەی سیاسیی‌و هاوپەیمانێتی بەزۆر، هاوکات لەگەڵ چالاککردنی چاودێریی تەواوی پەرلەمان بەبێ جیاکاریی بۆ هیچ لایەنێکی سیاسیی".

بەپەلە