پارتی‌و یەکێتیی دەستپێشخەرییەکەی سەڵاحەدین بەهادین قبوڵدەکەن

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4325 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی یەکگرتوی ئیسلامیی ڕایگەیاند، پارتی‌و یەکێتیی بەفەرمی ڕەزامەندییان لەسەر دەستپێشخەرییەکەی مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین دەربڕیوەو بڕیارە لەڕۆژانی داهاتودا کۆبونەوەی لوتکەی فراوان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان‌و پێکهێنانی حکومەت بەڕێوەبچێت.


د. سەڵاحەدین بابەکر وتەبێژی فەرمی یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان، مژدەی شکاندنی چەقبەستویی سیاسیی لەهەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت‌و ئاشکرایدەکات، هه‌ریه‌ك له‌پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەفەرمی وەڵامی ئەرێنی دەستپێشخەرییەکەی مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی یەکگرتویان داوەتەوە.

وتەبێژی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەشکرد، "پشت بەخوای گەورە، لەڕۆژانی داهاتودا کۆبونەوەیەکی لوتکە لەنێوان پارتی، یەکێتیی‌و سەرجەم ئەو لایەنە سیاسییانەی کە خاوەن فراکسیۆنن لەپەرلەمانی کوردستان ئەنجامدەدرێت".

ئەم پێشهاتە نوێیە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ دەبینرێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، بەوتەی د.سەڵاحەدین بابەکر، لەڕێگەی ئەم کۆبونەوە لوتکەیەوە چەقبەستوییە سیاسییەکە دەشکێنرێت‌و میکانیزمێکی گونجاوو هاوبەش دەدۆزرێتەوە بۆ چۆنیەتی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان‌و خێراکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.

بەپەلە