شارپرێس:
تۆڕی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکی بەپشتبەستن بەوێنەی نوێی مانگە دەستکردەکان کە بەتایبەتی دەستیکەوتون، ئاشکرایکردوە، ئێران دەستی بەکارەکانی چاککردنەوەو نۆژەنکردنەوە لەچەندین پێگەی ئەتۆمیو موشەکیدا کردوە کە لەمانگەکانی ڕابردودا ڕوبەڕوی هێرشی ئەمریکیو ئیسرائیلی ببونەوە.
کەناڵڵە ئەمریکییەکە لەڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم هەنگاوەی ئێران پرسیار لەسەر پابەندبونی تاران بەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە دروستدەکات کە لەکۆتایی حوزەیراندا لەگەڵ ویلایەتەیەکگرتوەکان واژۆیکردبوو.
ئەم میدیا ئەمریکییە ڕونیکردوهتەوە، وێنەکان کە بەهاوکاریی پەیمانگهی زانستو ئاسایشی نێودەوڵەتیی شیکردنەوەیان بۆکراوە، چالاکییان لەپێگەی پارچین نیشانداوە کە پێدەچێت مادەی تەقەمەنیی پەیوەندیدار بەبەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ئێرانی تێدابێت.
دەشڵێت، "وێنە نوێیەکان دەرکەوتنی بارهەڵگری تێکەڵکردنی کۆنکرێتیان لەو شوێنانەدا سەلماندوە کە پێشتر بۆردومانکرابون".
هەروەک وێنەکان جوڵەی ئۆتۆمبێلیان لەدەروازەی تونێلەکانی کێوی ئەلفەس نیشانداوە کە پێگەیەکی ژێرزەمینییە بۆ پەرەپێدانی توانای ئەتۆمی، ئەمەش لەلایەن شارەزایانەوە وەک پێشێلکارییەکی ئەگەریی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بینراوە کە قەدەغەی پەرەپێدانی چەک دەکات، لەکاتێکدا لەپێگە سەرەکییەکانی وەک نەتەنزو فۆردۆو ئەسفەهان هیچ چالاکییەکی هاوشێوە نەبینراوە.
جگە لەمە، کارەکانی چاککردنەوە لەپێگە موشەکییەکانی وەک بنکەی تەورێزو کرماشان دەستیانپێکردوە، لەوێش ئامێرەکان خەریکی لادانی پاشماوەکانن.
