فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا له‌باره‌ى ئێرانه‌وه‌ هاته‌ده‌نگ‌و زانیاریى ده‌خاته‌ڕوو

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2242 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، سەرکەوتوو بوە لەپەکخستن‌و لاوازکردنی تواناکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بڵاوکردنەوەی توندوتیژیی لەدەرەوەی سنورەکانی، ئەم ڕاگەیاندنە هاوکاتە لەگەڵ توندبونەوەی گرژییە سەربازییەکان‌و لێدوانە نوێیەکانی دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بەدۆسیەی تاران.


تیم هۆکینز وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، "ئێمە بەتەواوی تواناکانی ئێرانمان بۆ بڵاوکردنەوەی پشێوی لەناوچەکەدا لاوازکردوەو لەئێستادا تەنها بەشێکی کەم لەتواناکانی لەبواری درۆن‌و موشەکدا بۆ ماوەتەوە".

هۆکینز ئاشکرایکرد، ئێران بەتەواوی ڕێککەوتنی ئاگربەستی پێشێلکردوەو هێرشدەکاتەسەر کەشتییە بازرگانییەکان لەگەروی هورمز کە ئەمەش هیچ پاساوێکی یاسایی‌و لۆژیکیی نییە.

وتەبێژی سێنتکۆم جەختیکردەوە، هێرشەکانی ئێران هیچ زیانێکی ئەووتۆیان نەبوەو هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک لێدانی توندیان ئاڕاستەی ئێران کردوە تا بەرپرسیارێتیی هێرشەکانی گەروی هورمز هەڵگرێت.

ئەو وتیشی، "ئێران کۆنترۆڵی گەروی هورمز ناکات‌و گەروەکە بەکراوەیی لەبەردەم جوڵەی کەشتیگەلە جیهانییەکاندا دەمێنێتەوە".

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکی ئەمریکا لەڕێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ەوە پشتڕاستیکردەوە، ماوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێراندا بەفەرمی بەسەرچوە.

تره‌مپ نوسیویەتی، "ئێران داوای لێکردین گفتوگۆکان بەردەوامبن‌و ئێمەش ڕەزامەندبوین، بەڵام ویلایەتەیەکگرتوەکان بەڕونی پێیڕاگەیاندون، ئاگربەستەکە کۆتاییهاتوە".

ئەم گەشەسەندنە دوای ئەوەدێت، لەڕۆژانی چوارشەممەو پێنجشەممەی ڕابردودا، بەهۆی ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئاگربەست لەلایەن تره‌مپەوە، پێکدادان‌و ئاڵوگۆڕی تەقەی توند لەنێوان هێزەکانی ئەمریکاو ئێراندا ڕویدا، ئەمەش گومانی قووڵی لای چاودێران دروستکرد لەسەر مانەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردولایەن کە بڕیاربوو ڕێگه‌خۆشکەربێت بۆ کۆتاییهێنانی یەکجاریی شەڕ.

سەرەڕای پێکدادانە سەربازییەکان، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، ڕایگەیاند، واشنتۆن هێشتا پابەندە بەدۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی لەگەڵ تاران.

ئاژانسی "بلۆمبێرگ" لەزاری ئەو بەرپرسەوە بڵاویکردەوە، گفتوگۆ تەکنیکییەکان لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا بەردەوامن بەئامانجی گەیشتن بەڕێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەیی تا ناوەڕاستی مانگی ئابی ئه‌مساڵ.

ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا لەم قۆناغەدا، چارەسەرکردنی دۆسیە ئاڵۆزەکانی وەک بەرنامەی ئەتۆمیی تارانە، واشنتۆنیش دەیەوێت بەستنی کاتی بەسەر پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێراندا بسەپێنێت‌و ناچاری بکات دەستبەرداری کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی ببێت کە نزیکن لەدروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیی. لەهەمانکاتدا، وڵاتانی وەک پاکستان‌و قەتەر وەک ناوبژیوانی ناوچەیی کاردەکەن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکەو زیندوکردنەوەی مێزی دانوستانەکان.

بەپەلە