بەرپرسێکی باڵای عێراق لەپەرلەمانەوە لەپۆستەکەی دورخرایەوە

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2388 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

په‌رله‌مانى عێراق بڕیاریدا بەدورخستنەوەی حەیدەر مەکی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق لەپۆستەکەی، ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو ئامادەنەبوو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دۆسیەکانی گەندەڵی، بچێته‌ بەردەم پەرلەمان.


ئاسۆس عەلی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد، "پڕۆسەی لادانی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بەشێوازی غیابی‌و بەکۆی دەنگی پەرلەمانتاران جێبەجێکرا".

وتیشى، "ئەمەش كاتێك ڕویدا، ناوبراو چەندینجار داوای لێکرابوو ئامادەی دانیشتنەکان بێت بەمەبەستی لێپرسینەوە، بەڵام ڕەتیکردەوە بێتە بەردەم دەسەڵاتی یاسادانان".

سەبارەت بەهۆکارەکانی پشت ئەو بڕیارە، ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرایکرد، کۆمەڵێک دۆسیەی زۆرو قورس لەسەر حەیدەر مەکی هەن کە پەیوەندییان بەبەڕێوەبردن‌و وەبەرهێنانەوە هەیە، سەرپێچیکردنی لەئامادەنه‌بونیش وایکرد، پەرلەمان ڕاستەوخۆو بەبێ ئامادەبونی خۆی، متمانەی لێوەربگرێتەوە.