شارپرێس:
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، پەیوەندی بە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە كرد، سەبارەت بە بۆردومانكردنی ئۆفیسی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان.
لە ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەی وەزیری دەرەوەی عێراقدا هاتووە، كە فوئاد حسێن لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە كردووە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو هێرشەی كە بە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كردۆتە ئامانج.
حسێن جەختی لەوە كردەوە كە هێرشەكانی پێشوو بەپاساوی بوونی پارت و گروپەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بوو لە ناوچەكەدا لە لایەن حكومەتی ئێرانەوە. بەڵام دوایین هێرشی بە پێشینەیەكی مەترسیدار دانا كە دەتوانێت گرژییەكان زیاتر بكات و سەقامگیری ناوچەكە بخاتە مەترسییەوە.
وەزیری دەرەوە ئەم هێرشە ناڕەوایەی ئیدانە كرد و داوای ڕونكردنەوەی هەڵوێستی فەرمی ئێرانی كرد و جەختی لەوە كردەوە كە ئەم جۆرە كارانە هەڵكشانێكی مەترسیدار و كاردانەوەی نەرێنی بۆ ئاسایشی عێراق و سەقامگیری ناوچەكە پێكدەهێنن.
لای خۆیەوە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە سەرسوڕمانی خۆی لەو هێرشە دەربڕی و ڕونیشیكردەوە كە هیچ زانیارییەكی نییە ئاماژە بەوە بكات كە هێرشەكان لە خاكی ئێرانەوە كراون.
جەختیشی لەوە كردەوە كە هیچ پاساوێك بۆ ئەو جۆرە كارانە نییە، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە ئەرێنی و پتەوەكانی نێوان حكومەتی ئێران و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لەگەڵ دوو لایەنی سیاسی سەرەكی ناوچەكە.
