" دەربارەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی ئێران گفتوگۆ دەکرێت "

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 585 جار خوێندراوه‌ته‌وه

مارجۆری تایلەر گرین، نوێنەری پێشووی کۆنگرێسی ئەمریکا و ئەندامی پێشووی حیزبی کۆماریخواز، حکومەتی دۆناڵد ترامپی تۆمەتبار کرد بەوەی لە کۆبوونەوە ستراتیژییەکانی خۆیدا دەربارەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی ئێران گفتوگۆ دەکات.

ئەم کەسایەتییە سیاسییە، کە پێشتر یەکێک بوو لە پشتیوانە ناسراوەکانی دۆناڵد ترامپ، ڕۆژی یەکشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ترامپ بەرامبەر ئێران گرت و گوتی ئەو دەیزانی کە ئێران بە تەواوی نزیک لە دروستکردنی چەکی ناوکی نەبووە، بەڵام لەبەر پشتیوانی لە ئیسرائیل، هێرشی کردە سەر ئێران.

ئەو دواتر جەختی کردەوە کە قسەکانی سەبارەت بە گفتوگۆی بەرپرسانی حکومەتی ترامپ لەسەر بەکارهێنانی چەکی ناوکی دژی ئێران خەیاڵ و گومان نییە، بەڵکو ڕاستییە و گوتی ئەم پلانەش بە تەواوی شەیتانییە.

مارجۆری تایلەر گرین دەڵێت:دوایین جار کە چەکی ناوکی بەکارهێنرا، لە ٦ و ٩ی ئابی ١٩٤٥ بوو، لە دوو شاری ژاپۆن، هیڕۆشیما و ناگاساکی، کە لە هەمان ساتدا ١١٠ هەزار کەس کوژران. کۆی قوربانییەکان تا کۆتایی ساڵ، بەهۆی سووتانی قورس و ترۆما، گەیشتە ٢١٤ هەزار کەس.

هەروەها وتی: کاریگەرییەکانی هێرشی ناوکی بۆ سەر ژاپۆن ئەوەندە گەورە بوون کە هەموو مرۆڤایەتی پەیمانی دا کە هەرگیز دووبارەی نەکاتەوە، بەڵام ئێستا ترامپ، کە بەڵێنی دابوو هیچ شەڕێکی دەرەکیی نوێ بەڕێوە نەبات، لەوانەیە لە کۆتاییدا ئەو کەسە بێت کە هۆلۆکۆستی ناوکی بە ناوی ئەوەوە تۆمار بکرێت.

نوێنەرە پێشووی کۆنگرێس لە درێژەى وتەکانیدا دەڵێت: دامەزراوە هەواڵگرییەکانمان بە ترامپ و حکومەتەکەی وتووە کە ئێران هەرگیز لە دروستکردنی چەکی ناوکی نزیک نەبووەتەوە، بەڵام ئیسرائیل هەمان لێدوانى دەیان ساڵەی خۆی دووبارە کردەوە؛ ئەوەی کە ئێران تەنها چەند هەفتەیەک لە دروستکردنی چەکی ناوکی دوورە.

هەروەها دەڵێت: لەبەر ئەمە ئێمە ئێرانمان بۆردومان کرد، سەرکردەکانیان و منداڵە بێتاوانەکانمان لە قوتابخانەیەک کوشت، و ئێران لەو کاتەوە تا ئێستا کۆنترۆڵی تەنگەی هۆرمۆزی کردووە و وڵاتانی ناوچەکەی بەهۆی بەشدارییان لەم شەڕەدا سزا داوە.

مارجۆری تایلەر گرین لە کۆتاییدا، لەبارەی ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ناوکی لەلایەن ئەمریکاوە دژی ئێران هۆشداری دا و داوای کرد خەڵک بە بوێری ڕێگری لەم  کارە شێتانەیە بکەن.