ناکۆکی دەکەوێتە نێوان دوو بەرپرسی باڵای حکومەت و لەکۆمێنتی فەیسبوک وەڵامی یەکتر دەدەنەوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4829 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی هەرێم لەکاتی سەردانیکردنی پرۆژەی رێگای وارماوا – دەربەندیخان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەشێک لە بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکانی بە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی گرنگی کارەکانی حکومەت و وەزارەتەکە تۆمەتبار کرد، قائیمقامی دەربەندیخانیش لەکۆمێنتی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکدا وەڵامی توندی دەداتەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیامنێری یەکێک لە دەزگا میدیاییەکان لە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەپرسێت،" بۆچی هیچکام لە بەرپرسانی ئیداری شارەزور و دەربەندیخان یاوەرت نەبون لە سەردانەکەتدا بۆ پرۆژەی رێگای وارماوا – دەربەندیخان "؟

 

-"هەندێک بەرپرسی حکومی لەگرنگی کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کەمدەکەنەوە"
لەوەڵامی ئەو پەیامنێرەدا، دانا عەبدولکەریکم دەڵێت،" هەندێک لەبەرپرسانی یەکە ئیدارییەکان لەڕوی سیاسییەوە رەنگە هەندێک شت بکەن بۆ ئەوەی لەگرنگی کارەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کەمبکەنەوە، بەلای منەوە ئەو بابەتانە گرنگ نین، ئەوەی گرنگە بێت خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە ".

-قائیمقام بۆ وەزیر: ئەم کارە باش نیە دەیکەی
ئامانج محەمەد، قائیمقامی قەزای دەربەندیخان بەهەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک کۆمێنتی بۆ ڤیدیۆی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە کردوەو نوسیویەتی،" جەنابی وەزیر! ئێمە وەکو یەکەی کارگێڕی قەزای دەربەندیخان، بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری هاتنی بەڕێزتان نەبوین، ئەمە یەکەمجاریش نیە بەڕێزتان وادەکەن، جاری پێشوو هەر پێت نەوتین، من لە ڕوی حورمەتەوە خۆم هاتم بۆ لات و بەئامادەبونی سکرتێر و براکەت و شۆفێرەکەت لەناو ئۆتۆمبیلەکەی خۆت پێم وتی کە ئەم کارە باش نیە دەیکەی ".

 

-"خۆ بەزۆر نایەین"
قائیمقامی دەربەندیخان لەپەیامەکەیدا بۆ وەزیری ئاوەدانکردنەوە دەشڵێت،" پێشتر ئاگادارمان بکەرەوە تاکو لەخزمەتتابین و لەگەڵت بین، مەسەلەی سیاسی چی و حاڵی چی قوربان، هەڵە ئیداری و پرۆتۆکۆڵیەکە لەخۆتانەوەیە ئیتر یان بەمەبەستە، یان بێ مەبەستە، دەنا خۆ ئێمە غەیبمان پێ نییە تاکو بزانین بەڕێزت دێیت، بۆخۆت وا جوانترە کە لەگەڵت بین، خۆ بەزۆر نایەین ".

 

-خۆتان بە ئەنقەست وادەکەن
ئەوەشیخستەڕوو" بۆ زانیاریت ئەو پرۆژەیەو بەگەڕخستنەوەو دابینکردنی بودجە بۆی تەنها بەڕێز کاک قوباد ئەو کارە دەکات و پێوەی ماندوە، من پێم وایە بەڕێزتان خۆتان بە ئەنقەست وادەکەن و وەڵاممان نەدەبوو، لەبەر ئەوەی تاوانبارتکردین بۆیە ئەم وەڵامەم دایەوە ".