پێنج ملیۆن دۆلارو فەوجێکی پاراستن لە800 چەکدار.. ڕێککەوتنی جێگرانی سەرۆک وەزیران چۆن هەرەسیهێنا؟

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 6487 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەستێوەردان‌و تانەگرتنی سەرکردەیەکی دیاری شیعە لەدژی هێنانەکایەی چوار پۆستی نوێ لەحکومەتدا، پڕۆسەی تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی گەڕاندەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم‌و گرژیی توندی خستە نێو کۆبونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، پێشئەوەی نەجەف بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بێتەسەر هێڵ، سه‌رچاوه‌كانیش ده‌ڵێن، "ئەم ناڕەزایەتییە تەنها کێشەی سیاسیی دروستنەکرد، بەڵکو بوە هۆی زیانێکی دارایی بەبڕی نزیکەی حەوت ملیار دینار بۆ پارتێکی گەورەو ڕاگرتنی فەوجێکی سەربازیی تەواو کە بڕیاربوو ئەرکی پاراستنی جێگرێکی ئەگەریی سەرۆک وەزیران بگرێتە ئەستۆ".


دوو بەرپرس لەهاوپەیمانیی شیعە ڕایانگەیاند، نێوەندگیرییەکان لەناو "چوارچێوەی هەماهەنگی"یەوە دەستیان بەجوڵە کردوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە، لەکاتێکدا عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران، خۆی لەدۆخێکی شەرمەزارکەردا بینیوەتەوە دوای ئەوەی نەیتوانیوە کابینەی حکومەتەکەی تەواوبکات.

حکومەت لەمانگی ئایاری ڕابردوەوە بە 14 وەزارەت کاردەکات، لەکاتێکدا نۆ وەزارەت بەهۆی ناکۆکیی ناوخۆییەوە بەبەتاڵی ماونەتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ تانەگرتنی واشنتۆن لەڕادەستکردنی پۆستە هەستیارەکان بەهەندێک کەسایەتی.

تاقە پیاوێک کە دەنگی نەدا
نزیکەی 20 ڕۆژ لەمەوبەر، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەیەکێک لەکۆبونەوە ئاساییەکانیاندا کۆبونەوە، پێشنیازی هێنانەکایەی چوار پۆست بۆ جێگرانی سەرۆک وەزیران لەکارنامەی کۆبونەوەکەدا بوو.

بەگوێرەی بەرپرسێک لەپارتێکی دیاری شیعە کە بەمەرجی ئاشكرانه‌كردنى ناوه‌كه‌ى قسه‌یكردوه‌ به‌مه‌داى وتوه‌، "11 سەرکردە لەکۆی 12 سەرکردە دەنگیان بەقازانجی پێشنیازەکە داوە، تاقە جیاوازییەکە مالیکی بوو".

وەک ئەو بەرپرسە دەڵێت، "تانەگرتنەکەی ئەو په‌یوەندیی بەو کەسایەتییانەوە نەبوە کە بۆ پۆستەکان كاندیدکرابون، هێنده‌ى ئەوەی په‌یوەندیی بەخودی بیرۆکەی پۆستەکانەوە هەبوە".

به‌گوێره‌ى سەرچاوەکە، مالیکی وتویەتی عێراق بەقەیرانێکی دارایی قورسدا تێدەپەڕێت‌و زیادکردنی چوار پۆستی نوێ بەواتای بارگرانیی زیاتر دێت بۆسەر حکومەتێک کە خۆی لەبنەڕەتدا بەخەرجییەکانەوە ماندوە، مالیکی بەگواستنەوە لەسەرچاوەکەوە، ئاوڕی لەوەش داوەتەوە کە دەنگی بەبڕیارەکە نەداوە، بەڵام ڕێگریشی لێناکات ئەگەر زۆرینەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەستبهێنێت، بابەتەکە لەوساتەدا وەک تانەگرتنێکی سیاسیی کاتیی هاتە بەرچاو، بەڵام دواتر شتێکی دیکە ڕویدا.

نامەیەک لەنەجەفەوە
پەرلەمانتارێکی پێشوی شیعە ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "مالیکی سەرەڕای ئەوەی تاكه‌ كه‌س بوو كه‌ تانەى هه‌بوه‌ لەناو کۆبونەوەکەدا، بەڵام دواتر سەرکەوتوبوو لەپەکخستنی پڕۆژەکە".

وه‌كو ده‌ڵێت، "پەکخستنەکە لەڕێگەی دەنگدانێکی نوێوە نەبوو، بەڵکو نامە لەمەرجەعییەتی نەجەفەوە بەسەرکردە سیاسییەکان گەیشتوە کە تێیدا هاتبوو، مه‌رجه‌عیه‌ت دژایەتی هێنانەکایەی ئەو پۆستانە دەکات، له‌ناكاو، ئەو بڕیارەی کە زۆربەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕەزامەندییان لەسەردابوو، بوو بەبارگرانیی بەسەر خاوەنەکانییەوە".

ئەو زانیارییانەی کە سەرچاوەکە ئاشكرایكردوه‌ ئاماژه‌ بەهەبونی نامەی ئاڵوگۆڕکراو دەکەن لەنێوان یەکێک لەسەرکردە گەورەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و مەرجەعییەتداو ئەگەری زۆرە هەمام حەمودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵا، لایەنێک بێت تێیدا، بەڵام سەرچاوەکە ناتوانێت بەدڵنیاییەوە بڵێت کێ دەستی بەپه‌یوەندییەکە کردوە، ئایا مالیکی هانی ناردنی ئەم نامانەی داوە؟ یان مەرجەعییەت لەوەڵامی تانەگرتنی جەماوەریی‌و سیاسی دژ بەهێنانەکایەی پۆستەکان جوڵاوە؟

ماڵی عەبادی
لەڕۆژی دوشەممەی ڕابردودا، سەرکردەکانی هاوپەیمانیی شیعە جارێکی دیکە لەماڵی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشوتر کۆبونەوە، کۆبونەوەکە لەشێوەکەیدا ئاسایی بوو، بەڵام بەو شێوەیە بۆ ماوەیەکی درێژ نەمایەوە.

بەگوێرەی بەرپرسێکی یەکێک لەپارتە شیعەکان، گرژیی‌و شەڕەقسەیەکی توند لەنێوان مالیکی‌و قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیبی ئەهلی حەق، لەسەر پرسی جێگرانی سەرۆک وەزیران ڕویداوە، خەزعەلی پشتی بەوەبەستبوو کە یەکێک لەپۆستەکان بۆ لەیس خەزعەلیی برای بێت، بەڵام پڕۆژەکە پەکخرا، لەیس خەزعەلیش چەند ساڵێکە ناوى لەلیستی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایە، ئەمەش لەسەر پاشخانی تۆمەتەکانی په‌یوەست بەقاچاخچێتیی نەوت.

سەرچاوەکە وتویه‌تى، "قەیس خەزعەلی مامەڵەی لەگەڵ پەکخستنی پۆستەکەدا نەکرد وەک خەسارەتێک، بەڵکو بەداواکارییەکی دیکە وەڵامیدایەوە کە ئەویش بەدەستهێنانی وەزارەتی ناوخۆ بوو، وەزارەتەکەش به‌گوێره‌ى دابەشکردنی پشکەکان لەناو هاوپەیمانیی شیعەدا، لەپشکی دەوڵەتی یاسا بوو".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسى له‌وه‌شكردوه‌، دوای هەڵوێستی کۆتایی مالیکی، خەزعەلی ڕایگەیاندوە، ئامادەیە دەستبەرداری وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ببێت، لەبەرامبەردا داوای وەزارەتی ناوخۆ بکات، لەوەش زیاتر وتویه‌تى، "ئامادەم پشکی پەرلەمانیی عەسائیب کە 28 کورسییە، هەموی لەدەستبدات لەبەرامبەر بەدەستهێنانی وەزارەتى ناوخۆدا".

نوسینگەیەک بەملیۆنان دۆلار
ئەو چوار پۆستە تەنها ناونیشان نەبون لەسەر کاغەز، به‌گوێره‌ى سەرچاوە ئاگادارەکان، یەکێک لەو پارتانەی کە بڕیاربوو یەکێک لەپۆستەکان بەدەستبهێنێت، پێشوەختە نوسینگەیەکی ڕومەتی بۆ جێگری چاوەڕوانکراوی سەرۆک وەزیران هەڵبژاردبوو، بڕە پارەیەکی زۆری لەئامادەکردنی خەرجکردبوو کە گەیشتبوە نزیکەی پێنج ملیۆن دۆلار (نزیكه‌ى حه‌وت ملیار دینار).

سەرچاوەکان دەڵێن، "هەمان لایەن نزیکەی 800 پلەی وەزیفی بەدەستهێناوە بەمەبەستی پێکهێنانی فەوجێکی پاراستن بۆ جێگری سەرۆک وەزیران، فەوجەکەش بەشێکبوو لەو ڕێوشوێنانەی کە لەگەڵ پۆستە نوێیەکەدا دەبون، بەڵام دواتر هەموو شتێک وەستا".

لەپاڵ لەیس خەزعەلیدا بۆ پڕکردنەوەی ئەو چوار پۆستە، ناوی موحسین مەندەلاوی جێگری پێشوی سەرۆکی پەرلەمان‌و ناوی محەمەد تەمیم وەزیری پێشوی پلاندانان خراونەتەڕوو، سەبارەت بەکورسی چوارەمیش، به‌گوێره‌ى سەرچاوەکان، بڕیاربوو بۆ کەسایەتییەکی کورد بێت کە ناوەکەی یەکلایی نەکرابوەوە.

زەیديی لەناوەڕاستدا
عەلی زەیدیی سەرۆکی حکومەت، چاودێریی ناکۆکییەکەی دەکردو پێشتر هاوپەیمانەکانی ئاگادارکردبوەوە، به‌گوێره‌ى سەرچاوەکان، کە ئامادەکاریی دەکات بۆ پێشکەشکردنی ناوی نۆ وەزیرەکەی دیکە، بەڵام ناڕەزایەتیی جێگرانی سەرۆک وەزیران تەواوی مەلەفەکەی گەڕاندەوە بۆ دواوە، سەرچاوەکان دەڵێن، زەیدیی لەمدواییانەدا په‌یوەندیی بەمالیکییەوە کردوەو پرسیارێکی ڕاستەوخۆی لێکردوەو وتویه‌تى، "وەزارەتی ناوخۆ بۆ تۆیە یان بۆ عەسائیب؟".

وەزارەتی ناوخۆ ڕوبەڕوی چەندین کۆسپ دەبێتەوە، لەوانە پێداگریی مالیکی لەسەر بەخشینی پۆستەکە بەقاسم عەتا سەرەڕای شکستهێنانی لەتێپەڕاندنی بۆ جاری یەکەم لەناو پەرلەماندا، هەروەها هەوڵی سەرۆکی حکومەت بۆ دوبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵاتەکانی وەزارەتەکە بەسەر بەڕێوەبەری نوسینگە سەربازییەکەیدا، کە دوای 12 ساڵ لەهەڵوەشاندنەوەی، دوبارە زیندوکراوەتەوە.

واشنتۆنیش چاودێریی ئەم پۆستە دەکات وەک پۆستێکی گرنگ لەمەلەفی سنوردارکردنی چەکدا کە ئێستا جێبەجێکردنی کێشەی تێکەوتوە، زەیدیی، به‌گوێره‌ى سەرچاوەکان، جێگری بۆ سەرۆک وەزیران ناوێت، تەنانەت ئەگەر بێ موچە یان ئیمتیازاتیش بن، ئەو دەیەوێت حکومەتێکی تەواو هەبێت‌و فشاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بەبۆشایی ئەو نۆ وەزارەتە، بەڵام تائێستا کەس ناتوانێت دیاریبکات ئایا پۆستە نوێیەکان بەموچەو ئیمتیازاتی تەواوەوە دەبن، یان تەنها ناونیشانی سیاسیی دەبن بەبێ تێچوی دارایی ڕاستەوخۆ.

عیماد یوخەنا ئەندامی پەرلەمان دەڵێت، "وەزیرەکانی حکومەت خۆیان لەبنەڕەتدا لەژێر فشارێکی گەورەدا دەژین، چونکە هەندێکیان لەهەمانکاتدا زیاتر لەوەزارەتێک بەڕێوە دەبەن"، بەبڕوای ئەو، تێپەڕاندنی وەزارەتە ماوەکان پێش 30ی ئەیلول کە وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە، بەهۆی تێکەڵاوبونی ئەم مەلەفە لەگەڵ فشارە دەرەکییەکاندا، بوەتە کارێکی دور لەڕاستی.

نێوەندگیریی عامری
لەم ساتەدا هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر کە ڕاهاتوە، ڕۆڵی نێوەندگیر لەناو ماڵی شیعەدا بگێڕێت، ئێستا به‌گوێرى سەرچاوەکان، هەوڵدەدات په‌یوەندییەکان لەنێوان لایەنە ناکۆکەکاندا بەڕێوەببات، بەڵام ناکۆکییەکان، بەگوێرەی سەرچاوەکان، قورسن، چونکە مالیکی پۆستە نوێیەکان بەفراوانکردنێکی ناپێویست لەحکومەتدا دەبینێت، عەسائیبیش پەکخستنیان وەک زیانێكى سیاسیی دەبینێت‌و زەیدیش دەیەوێت لەوەزارەتە بەتاڵەکان ڕزگاریی بێت.

عەسائیبی ئەهلی حەق (کە 28 کورسی پەرلەمانی هەیە، واتە 28 خاڵی هەیە)، پێشتریش چەند پۆستێکی بچوکتر یان وەزارەتێكى وەک (کارو کاروباری کۆمەڵایەتی) بەدەستەوەبوو کە چەند خاڵێکی کەمبون.

ئێستا کە پڕۆژەی جێگرانی سەرۆک وەزیران پەکخراوەو دۆخەکە تێکچوە، ئەوان دەڵێن، "ئێمە ئامادەین دەستبەرداری وەزارەتی کار ببین‌و تەواوی ئەو خاڵانەی کە وەک شایستەی بژاردەی سیاسیی لای ئێمەیە (هەموو 28 خاڵەکە یان پشکی یاسایی خۆمان)، کۆبکەینەوەو تەنها لەکڕین‌و بەدەستهێنانی یەک وەزارەتدا خەرجیبکەین، کە ئەویش وەزارەتی ناوخۆیە."

تەقینەوەی کێشەکە كاتێك دەرکەوت كه‌ حسێن شێحانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەق لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا دەرکەوت‌و هەبونی ئەوەی ڕاگرت کە ناوینابوو "هاوکێشەیەکی نوێ" بۆ کۆتاییهێنان بەقەیرانی وەزارەتە بەتاڵەکان، ئەو وتی، "عەسائیب دەستبەرداری هه‌موو پۆستێكى دیكه‌ى ده‌بێت لەبەرامبەر داواکردنی سەرجەم خاڵەکانی لەوەزارەتی ناوخۆدا"، قسەکانی ئەو دوای ئەو ڕەخنانە هات کە ئاراستەی مالیکی کرابون، چونکە به‌گوێره‌ى وتەی شێحانی، "ڕێزی لەچوارچێوەی هەماهەنگی نەگرتوە"، کاتێک پێچەوانەی زۆرینەی سەرکردەکانی وەستاوەتەوەو ڕەتیکردوەتەوە جێگرانی سەرۆک وەزیران دابهێنرێن.

چاودێرانیش ده‌ڵێن، ئەمە یەکەمجارنییە کە ئەم دو كه‌سه‌ى ناو چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى شیعه‌كان پێکدا بدەن، چونکە ناڕەزایەتیی نێوان مالیکی‌و خەزعەلی کۆنترە لەم قەیرانە، کاتێک مالیکی لەکۆتا جاردا خۆی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت پێشنیازکرد، خەزعەلی یەکێکبوو لەدیارترین نەیارانی گەڕانەوەی ئەو.

لەساڵی 2023دا، ناکۆکییەکی دیکە لەنێوان هەردولادا دەرکەوت لەسەر پاشخانی ئەوەی وترا فۆڕمێک لەفشار لەلایەن خەزعەلییەوە کراوە بۆ ڕاکێشانی وەزیری نەوتی ئەوکاتە حەیان عەبدولغەنی کە لەسەر هاوپەیمانیی مالیکی هەژماردەکرا، بۆ ڕیزی عەسائیب.

وەزارەتەکان بە"قیست"
سەرەڕای ئەوەش هێشتا سەرکردە شیعەکان پێیانوایە، ئومێدێک هەیە بۆ تێپەڕاندنی پاشماوەی وەزارەتە بەتاڵەکان پێش کۆتایی مانگ، حەسەن فەدعەم ئەندامی مەکتەبی سیاسیی لەڕەوتی حیکمە دەڵێت، "دانوستانەکان هێشتا بەردەوامن بۆ تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەت، سەرەڕای ناکۆکییە بەردەوامەکان، پێشبینیدەکات پێش کۆتایی ئەیلولی ئێستا تێگەیشتنەکان جێبەجێبکرێن"، بەڵام لەهەمانکاتدا جەختدەکاتەوە کە تائێستا هیچ دانیشتنێک یان وادەیەکی جێگیر بۆ دەنگدان نییە.

بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکانی شیعە، پێدەچێت حکومەت بۆ پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان پەنا بباتەبەر پێشکەشکردنی کابینەکەی بەچەند بەشێکی جیاواز؛ بەجۆرێک لەهەر قۆناغێکدا تەنها یەک یان دوو وەزارەت ببرێنە پەرلەمان بۆ دەنگدان‌و دواتر گفتوگۆکان بۆ پۆستەکانی دیكه‌ نوێبکرێنەوە، هاوکات، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی وادەی 20ی ئەیلولیان وەک ڕۆژێکی نزیکەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دانابوو.