توێژیینەوەیەك: کەرتی ڕێگاوبان و تەندروستی لە هەرێمی کوردستان لە قەیراندان و کەرتی ئاو باشترینە

توێژینەوە و شیکاریی

55 خولەک پێش ئێستا‌ 76 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی توێژینەوەیەكی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی، کەرتی ڕێگاوبان و تەندروستی لە هەرێمی کوردستان لە قەیرانی گەورەدان، لەکاتێکدا کەرتی ئاو باشترینە. لەگەڵ ئەوەشدا هاوڵاتییان لە تێچوی زۆری کارەبا و دابەزینی ئاستی پەروەردە نیگەرانن. سەنتەرەکە پێشنیاز دەکات حکومەت لەجیاتی ژمارە، کوالێتیی خزمەتگوزاری و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ هاوڵاتییان بە پلانێکی زانستی و ڕاستەقینە دابینبکات.


سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی لە سلێمانی، ئەنجامی نوێترین توێژینەوەی مەیدانیی خۆی (ڕانانی ئایندەیی ژمارە 16) لەژێر ناونیشانی "هەڵسەنگاندنی دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان" بڵاوکردەوە. توێژینەوەکە کە لەلایەن تیمێکی پسپۆڕ بە سەرپەرشتی د. یوسف گۆران ئەنجامدراوە، تیشک دەخاتە سەر حەوت کەرتی ستراتیژی و جیاوازییەکی گەورە لە نێوان هەوڵەکانی حکومەت و ئاستی ڕەزامەندیی هاوڵاتییاندا نیشان دەدات کە بۆچونی 614 بەشداربو لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان وەرگیراوە.

کەرتی ڕێگاوبان و گواستنەوە بەرزترین ئاستی ناڕەزایەتیی هاوڵاتییانی تۆمارکردوە، بە جۆرێک 60.42%ـی بەشداربوان لە دۆخی شەقامەکان ناڕازین، ئەمەش بەهۆی نزمیی کوالێتیی قیرتاوکردن، نەبونی نۆژەنکردنەوە و زۆریی ڕوداوەکانەوەیە. بۆ چارەسەری ئەم دۆخە، ڕاپۆرتەکە پێشنیاز دەکات کە حکومەت "ماستەرپلانێکی نیشتمانی" بۆ بەدوسایدکردنی ڕێگا سەرەکییەکان دابڕێژێت و سیستمی چاودێریی کوالێتی (Quality Control) بەسەر کۆمپانیا جێبەجێکارەکاندا توند بکاتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هەڵسەنگاندنەکان بۆ کەرتی تەندروستی نەرێنین و 57.81%ـی هاوڵاتییان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، کە هۆکارەکەی بۆ کەمیی دەرمان و فشاری زۆر لەسەر نەخۆشخانە حکومییەکان دەگەڕێتەوە. ڕاپۆرتەکە پێشنیاز دەکات حکومەت بودجەیەکی سەربەخۆ بۆ دابینکردنی دەرمان تەرخان بکات و سیستمی "دڵنیایی تەندروستی" کارا بکات، هاوکات بنکە تەندروستییەکانی ناو گەڕەکەکان بەهێز بکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر سەنتەرە سەرەکییەکان.

کەرتی پەروەردەش ڕوبەڕوی قەیرانێکی قوڵی متمانە بوەتەوە و 52.77%ـی خەڵک لە ئاستی خوێندنی حکومی بێئومێدن، ئەمەش بەهۆی قەرەباڵغی پۆلەکان و پەککەوتنی بەردەوامی خوێندنەوەیە. ڕاسپاردەی توێژەران ئەوەیە کە بودجەی پەروەردە زیاد بکرێت بۆ دروستکردنی بینای نوێ و بنبڕکردنی سیستمی چەنددەوامی، لەگەڵ پابەندبون بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی مامۆستایان لە کاتی خۆیدا بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامیی پڕۆسەی فێربون.

بەپێچەوانەی کەرتەکانی دیکە، کەرتی ئاو ئەرێنیترین هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە و 46.74%ـی ڕەزامەندیی بەدەستهێناوە، بەوپێیەی گلدانەوەی ئاو گەیشتوەتە 9 ملیار مەتر سێجا. بۆ پاراستنی ئەم دەستکەوتەش، سەنتەرەکە پێشنیاز دەکات تۆڕە کۆنەکانی دابەشکردنی ئاو نۆژەن بکرێنەوە بۆ ڕێگری لە بەفێڕۆچون، و کارەکانی ئەو بەنداوانەی لە قۆناغی جێبەجێکردندان خێرا بکرێن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی وشکەساڵی لە داهاتودا.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوە هاتوە، ئەگەرچی پێدانی کارەبا جێگیرتر بوە بەهۆی پڕۆژەی "ڕوناکی"ـەوە، بەڵام 40.07%ـی هاوڵاتییان لە نرخ و تێچوی مانگانەی کارەبا ناڕازین کە بارگرانیی دارایی بۆ دروستکردون. ڕاسپاردەی ڕاپۆرتەکە ئەوەیە کە حکومەت پێداچونەوە بە نرخەکانی پڕۆژەی "ڕوناکی"دا بکات و سیستمێکی "پلەبەندیی نرخ" پەیڕەو بکات کە تێیدا پارێزگاری لە چینە کەمدەرامەتەکان بکرێت و کارەبایان بە نرخێکی گونجاو پێ بگات.

سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی دەشڵێت، کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان وەک کەرتێکی تەنیا قازانجویست دەبینرێت و 59%ـی هاوڵاتییان ڕۆڵی ئەم کەرتە لە کەمکردنەوەی قەیرانەکاندا بە کەم دەزانن. ڕاپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە پێویستە یاسای "بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی" دەربچوێندرێت تا کۆمپانیا گەورەکان ناچار بکرێن بەشێک لە قازانجەکانیان بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان وەک تەندروستی و پەروەردە تەرخان بکەن.

لەبارەی حکومەتی ئەلیکترۆنیشەوە ڕاپۆرتەکە دەڵێت، هێشتا لە قۆناغی سەرەتادایە و 74%ـی هاوڵاتییان سودیان لێ نەبینیوە، ئەمەش بەهۆی ئاڵۆزیی سیستمەکان و لاوازیی هۆشیاریی دیجیتاڵییەوەیە. ڕاسپاردەی کۆتایی ئەوەیە کە سیستمە ئەلیکترۆنییەکان سادە بکرێنەوە تا هەمو توێژەکان بتوانن بەکاریبهێنن، و هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆشنبیریی دیجیتاڵیی هاوڵاتییان لە میدیاکاندا دەست پێ بکرێت.

ڕاپۆرتە شیکارییەکەی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی، ئاماژە بە هەبونی کەلێنێکی قوڵ لە نێوان ئامارە فەرمییەکان و ئاستی متمانەی جەماوەری دەکەن، بە جۆرێک سەرەڕای پێشکەوتنی سنوردار لە هەندێک بواردا، بەڵام کەرتە ستراتیژییەکانی وەک ڕێگاوبان، تەندروستی و پەروەردە بە ڕێژەی ناڕەزایەتیی سەرو 50% هێشتا لە ئاستی پێویستیی هاوڵاتییاندا نین و بارگرانییەکی دارایی و دەرونیی زۆریان بۆ خەڵک دروستکردوە.

باسی لەوەش کردوە، ئامارەکان ناهاوسەنگیی کارکردنی کەرتی تایبەت دەردەخەن؛ سەرباری تۆمارکردنی ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیای جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام بەشداربوان ڕۆڵی ئەم کەرتەیان لە پشتیوانیکردنی گشتیدا بە کەم داناوە، کە نیشاندەری نەبونی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی کارای کۆمپانیاکانە. هاوکات لە پڕۆژەی بەئەللیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکاندا، داتاکانی ڕاپرسییەکە دەریخەری ئەوەن هاوڵاتییان هێشتا خۆیان بە سودمەندبو لەم پڕۆسەیەدا نازانن.

لە کۆتاییدا دەڵێت، "بۆ باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، پێویستە حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا لە قۆناغی گرنگیدان بە ژمارە بپەڕێتەوە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی و سەپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. ئەمەش بە داڕشتنی ماستەرپلانی نیشتمانی بۆ ڕێگاوبانەکان، بەرزکردنەوەی بودجەی پەروەردە و تەندروستی، ناچارکردنی کەرتی تایبەت بە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و ساناکردنەوەی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان، تاوەکو متمانەی هاوڵاتی بە دامەزراوە گشتییەکان بگەڕێتەوە".

سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی (CFS)، ساڵی 2017 دامەزراوە و وەک سەنتەرێکی ئەکادیمی-زانستی-ڕۆشنبیری مۆڵەتی فەرمی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتوە و لە ئێستادا جگە لە جۆرناڵێکی زانستی، چەند گۆڤارێکی وەرزی، ڕانانی ئایندەیی، دیجیتاڵ میدیای ئایندەیی (کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی)، گفتوگۆی ئایندەیی، پۆدکاستی ئایندەیی، و دیداری ئایندەیی و چەندین کۆرس و ڕاهێنان و چالاکیی تری ئەکادیمی و زانستی بەڕێوەدەبات.