شارپرێس:
دەتوانرێت حوسییەکان بەگرنگترین و دواین خاڵی پشتبەستنی هێزی لەبری ئێران لە ناوچەکە دابنرێت؛ هێزێک کە بە پێچەوانەی زۆرێک لە هێزەکانی تری مەحەوەری موقاوەمە، هێشتا توانای مووشەکی، درۆنی و دەریایی هەیە بۆ لێدان لە دوژمنانی کۆماری ئیسلامی لە تەنگەی ستراتیژی بابالمەندەب، بەڵام گۆڕانکارییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەیەمەن نیشانە گرنگەکانی کەمبونەوەی ئەم توانایەیان ئاشکرا کردوە.
لەلایەکەوە، هێزەکانی حکومەتی فەرمی یەمەن بەپشتگیری عەرەبستانی سعودی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانیان توندتر کردووە و لە هەندێک ناوچەی ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوا ــ بە تایبەتی تەعز، حودەیدە، جەوف و ئەلبەیچا ــ پێشڕەوییەان کردووە و تەنانەت ئامانجیان کۆنتڕۆڵکردنی سەنعایە.
لەلایەکی تریشەوە، حوپییەکان بۆ جێگرتنەوەی ئەو فشارە، پەنایان بردووەتە بەر هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان دژ بە سعودییە.
هێرشە فراوانەکانی ٨ی ئەیلول، بۆ سەر شار و دامەزراوەکانی وزە لە باشووری سعوودیە ــ ئەبها، خەمیس موشەیت، جازان و نەجران ــ کە بوونەتە هۆی برینداربوونی لانیکەم 73 کەس و تێکچوونی کاتیی هەندێک دامەزراوەی ئارامکۆ، نیشانی دەدەن کە حوپییەکان هێشتا توانای بەرچاویان لە لێدان و گەیاندنی زیانیان هەیە.
بەڵام لە هەمان کاتدا، ئەم هێرشانە دەتوانن حوپییەکان بخەنە ناو قۆناغێکی گرانتر و پڕتێچووتر لە جەنگ؛ قۆناغێک کە تێیدا کۆگای چەک و توانای لۆجستییان زیاتر دەکەوێتە ژێر فشارەوە.
ئەمڕۆ دەتوانین بڵێین کە گرنگترین هێزی لەبری تاران چووەتە قۆناغێکی دژوارەوە.
ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، کێشەکە تەنها لە لەدەستدان یان لاوازبوونی هێزێکی لەبری کورت نابێتەوە؛ بەڵکو واتای کەمبوونەوەی توانای ئێران بۆ گواستنەوەی فشار و ئەنجامدانی هێرش لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دەدات.
لە ڕوانگەی ژێئۆستراتیژییەوە، ئەمە ڕووداوێکی زۆر گرنگترە لە سەرکەوتن یان شکستێکی کاتیی گروپێکی چەکدار؛ چونکە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی بەرپەرچدانەوە و کاریگەریی ناڕاستەوخۆی تاران دەخاتە ژێر فشارەوە.