شارپرێس:
بەپێی شیکارییەکی نوێی وێنە مانگە دەستکردەکان کە لەلایەن
"سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان" (CSIS) ئەنجامدراوە
و بە تایبەتی دراوەتە تۆڕی CNN، ئەوە
ئاشکرا بووە کە پێگەیەکی ئەتۆمیی گومانلێکراوی ئێران بە ناوی "چیای
قوڵینگ" کە کەوتۆتە ژێر چینە بەردینە سەختەکانی گرانێتەوە، لە ماوەی نێوان 30ی
ئەیلوولی 2025 تا 9ی ئابی 2026 گەشەسەندن و چڕبوونەوەیەکی بەرچاو لە کارەکانی
دروستکردنیدا بەخۆیەوە بینوە.
ئەم بنکە ژێرزەمینییە کە لە نزیک کۆمەڵگەی ئەتۆمیی نەتەنزە
و 140 میل لە باشووری تارانەوە دوورە، بۆە جێی باسی دەزگا هەواڵگرییەکان و بە شوێنێکی
گریمانکراو دەندرێت بۆ پاراستنی بەرنامەی ئەتۆمیی داهاتووی ئێران.
بڕوا وایە ئەم پێگەیە بۆ یەکێک لەم 3 مەبەستە دروستکرابێت:
کۆکردنەوەی ئامێرەکانی سەنتەرفیوج، پیتاندنی یۆرانیۆم، یان پەناگەیەکی ئارام بۆ
چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە چەکی ئەتۆمیی.
شارەزایانی CSIS ئاماژە بەوە دەکەن کە کارەکان لە قۆناغی هەڵکۆڵینەوە تێپەڕیون
بۆ دروستکردنی ناوخۆیی، بەهێزکردنی ڕێگاوبانەکان. بەڵام جەخت دەکەنەوە کە شوێنەکە
هێشتا بە تەواوی ئامادە نییە بۆ دەستپێکردنی کرداری پیتاندن.
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل هۆشداری داوە لە ئەگەری گواستنەوەی
سەنتەرفیوج بۆ ئەم بنکەیە، و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش هەڕەشەی لێدانی بنکەکەی
کردووە و ڕایگەیاندووە: "لەوانەیە زۆر بە زوویی لە كێوی قوڵینگ بدەن، هەروەک لەبەر
ئەوەی بەردی گرانێتی کێوەکە بەرگرییەکی بەرز لە بەرامبەر قورسترین بۆمبە ئاساییەکان
دروست دەکات، پنتاگۆن کەوتۆتە خۆی بۆ گەشەپێدانی چەکی نوێ.
بەپێی بەڵگەنامە
فیدراڵییەکان، ئاژانسی کەمکردنەوەی هەڕەشە بەرگریییەکان (DTRA) گرێبەستێکی
بڕی 1.2 ملیۆن دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیای "Pate Construction" ئیمزا کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنێکی تاقیکردنەوەی ژێرزەمینی لە نیومەکسیکۆ.
وێنە مانگە دەستکردەکان دەریانخستووە کە لە 16ی شوباتەوە
کارەکانی هەڵکۆڵین لەو ناوچەیە دەستپێکردووە کە هاوشێوەی "کێوی قوڵینگ"
لە بەردی گرانێت پێکهاتووە. ئامانج لەم مانۆڕە خێرایە، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی تەقەمەنی
زیندوو بووە بۆ توانای بۆمبە نوێییەکانی بڕینی قایمکراییەکان، تا بتوانرێت لە ئەگەری
بڕیاری بەئامانجگرتنی ئەو بنکە قووڵانەی ئێران بەکاربهێنرێن.
سوپای ئەمریکا، کە پێشتر لە حوزەیرانی 2025 لە چوارچێوەی
ئۆپەراسیۆنی "چەکوشی نیوەشەو" لێدانی لە هەندێک بنکەی ئەتۆمیی دابوو، تێگەیشتووە
کە بۆمبە قەڵاشکێنەکانی ئێستای ناتوانن بنکەی ئەسفەهانی قووڵ بە تەواوی وێران بکەن.
هەر بۆیە کار لەسەر نەوەی نوێی بۆمبی بەهێزی بڕەر دەکات، و هەوڵەکانی بۆ داڕشتنی
پلانی هێرشکردنە سەر ئەم چیا سەختە چڕتر کردۆتەوە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی