شارپرێس:
ئەمڕۆ چوارشەممە لە ناوچەی بورج ئەلنمرە لە نزیك شاری سەرمەدە لە باكوری پارێزگای ئیدلب تەقینەوەیەك ڕوویدا و ژمارەیەك برینداری لێكەوتەوە.
تەلەفزیۆنی سوریا بڵاویكردەوە، لە تەقینەوەیەكدا لە كۆگایەكی تەقەمەنی لەسەر ڕێگای سەرمەدە لە باكوری پارێزگای ئیدلب، هەشت كەس برینداربوون.
ئاژانسی هەواڵی عەرەبی سوریا (سانا) لە زاری وەلید ئەسڵان، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكانی بەڕێوەبەرایەتی فریاكەوتن و بەڕێوەبردنی كارەساتەكانی ئیدلب بڵاویكردەوە، دوای تەقینەوەكە تیمەكان ڕەوانەی شوێنەكە كران. ئاماژەی بەوەشكردووە، لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە تەقینەوەكە بەهۆی تەقەمەنییەوە بووە.
ئەسلان وتیشی، تیمەكان كاردەكەن بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەكە و ئاسایشی شوێنەكە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست.
تا ئێستا بەتەواوی هۆكاری تەقینەوەكە ڕوون نییە، بەڵام پێشتر چەند جارێك سوپای ئیسرائیل كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی لە باكوری سوریا بۆردومان كردووە.