ئیلهام ئەحمەد: تا ئێستا بەشێكی كێشەكانی خوێندن چارەسەر نەكراون

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 228 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
 
ئیلهام ئەحمەد دووپاتی كردەوە كە ئەو قۆناغە نوێیەی سوریا هەیەتی پێویستی بە تەواوكردنی هەنگاوەكان هەیە بۆ دڵنیابوون لە تێكەڵكردنی خوێندكاران و مامۆستایان لە دامەزراوە پەروەردەییەكاندا، بەمەش مافی خوێندنیان دەپارێزرێت و سەقامگیری پرۆسەی خوێندن بەهێزتر دەبێت.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی هاوار، ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، "لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی كاری دامەزراوەیی لە سوریا، گرنگی تەواوكردنی هەنگاوەكان كە گەرەنتی تێكەڵكردنی خوێندكاران و مامۆستایان دەكەن، دەبێتە شتێكی سەرەكی و دەستەبەركردنی مافی خوێندنیان و بەرزكردنەوەی سەقامگیری پرۆسەی خوێندن".

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو خوێندكارە كوردانەی خوێندنیان بە زمانی كوردی بووە، لە هەندێك قوتابخانەی حكومیدا ڕووبەڕووی چەند ڕێكارێك دەبنەوە كە پێویستیان بە ڕێكخستنی زیاترە. لەوانە ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان بە زمانی عەرەبی، پێویستی بەوەرگێڕان و هەروەها پەسەندكردنی بڕوانامەكانیان هەیە، هەروەها سەبارەت بە وەرگرتنی خوێندكار و میكانیزمی تێكەڵكردنی مامۆستایانیش هیچ ڕونییەك نییە.

ئیلهام ئەحمەد وتیشی "لە كۆبانی و حەسەكە و قامیشلۆ و هەروەها لە حەلەب و عەفرین، چاومان لە ڕێكارە یەكگرتوو و ڕوونەكانە كە تایبەتمەندییەكانی ئەم قۆناغە كاتییە لەبەرچاو بگرن و ئاسانكاری بۆ گواستنەوەی بێ كێشە بۆ خوێندكاران و مامۆستایان بۆ دامەزراوە نوێیەكانی خوێندن بكات".

ئەو ڕوونیكردەوە كە ئەم ڕێكارانە ئاستەنگ بۆ خوێندكاران و مامۆستایان دروست دەكەن، جەختی لەسەر پێویستی پێداچوونەوەی ڕاستەقینە و بەرپرسیارانە كردەوەو جەختی لەوە كردەوە كە قۆناغی ئێستا پێویستی بە ڕێبازێكی پراكتیكی و هەماهەنگ هەیە كە بەرژەوەندییەكانی خوێندكاران و سەقامگیری پرۆسەی خوێندن لە پێشینەدا بێت.