شارپرێس:
ڕوسیا ڕۆژی دووشەممە داخستنی كونسوڵخانەی گشتی ئەڵمانیای لە سانت پترسبۆرگ و سەرجەم ناوەندەكانی ئینستیتیوتی گۆتێ لە خاكی وڵاتەكەی ڕاگەیاند، ئەمەش وەك تۆڵەسەندنەوەیەك بۆ ڕێوشوێنی هاوشێوەی بەرلین.
وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، مۆسكۆ ڕەزامەندی خۆی بۆ بەردەوامبوونی كارەكانی كونسوڵخانەی ئەڵمانیا ڕاگراتووەو داوا دەكات چالاكییەكانی ڕابگرێت و تا 18ی ئەیلول كارمەندەكانی دەبێت ڕوسیا بەجێبهێڵن.
هەروەها دەسەڵاتدارانی ڕوسیا بڕیاری داخستنی سەرجەم ناوەندەكانی پەیمانگای گۆتێ و ڕۆشتنی ستافەكانیان تا ١٣ی ئەیلول دەركرد.
ئەم ڕێوشوێنانە لە وەڵامی بڕیارەكەی ئەڵمانیا بۆ داخستنی كونسوڵخانەی ڕوسیا و ناوەندی ڕۆشنبیری ماڵی ڕوسیا لە بەرلین هات.
بەرلین بڕیارەكانی لە دوای هەوڵی هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ڕوسیا بۆ سەر فڕۆكەخانەی لایپزیگ لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا دا.