شارپرێس:
ئێران ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند كە دانوستانەكانی لەگەڵ عومان سەبارەت بە دامەزراندنی ڕێڕەوێكی سەلامەت و كاتی كەشتیوانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە چووەتە قۆناغی كۆتاییەوە و پێشبینی ڕێككەوتن دەكات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە تاران ڕایگەیاند، دانوستانەكان پێشكەوتنی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیوە، هیوای خۆی دەربڕی كە لایەنی سێیەم دەستوەردان نەكەن بۆ بەربەستدانان و ڕێككەوتنەكە نزیكبووەتەوە.
بەقایی ڕونیشی كردەوە كە ئامانجی ڕێككەوتنە پێشبینیكراوەكە "ڕێكخستنی ڕێڕەوێكی سەلامەت و كاتییە بۆ كەشتییە بازرگانییەكان لە ڕێگەی گەرووەكەوە"، ئاماژەی بە ئەگەری تۆماركردنی ڕێككەوتنەكە لە ڕێكخراوی دەریایی نێودەوڵەتی كرد.
ئێران پێشتریش چەند جارێك ڕایگەیاندبوو كە "ناوچەیەكی سنوورداری نوێ لە كەنداو" لەگەڵ نەخشەی ڕێڕەوێكی نوێی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز لەگەڵ عومان ڕادەگەیەنن.