شارپرێس:
لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی گۆڕەپانی سیاسییو
سەربازیی لەسوریا، ناوەندەکانی بڕیاردان لەواشنتۆن ڕوبەڕوی مشتومڕێکی قوڵبونەتەوە
سەبارەت بەچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەحمەد شەرعو ئەو دەسەڵاتەی لەباکوری وڵاتەکەدا
دروستیکردوە.
وەلید فارس ڕاوێژکاری پێشوی کۆنگرێسی ئەمریکا،
پەردەی لەسەر بونی دابەشبونێکی ڕونو ئاشكرا لەناو ئیدارەی ئەمریکادا لادا، بهگوێرهى
وتەکانی فارس، بەرپرسانی واشنتۆن لەسەر پرسی شەرعییەتدان بەدەسەڵاتی ئەحمەد شەرع
بونەتە دوو بەرەی جیاواز.
وهكو دهڵێت، "یهكهمیان پێیاندهوترێت
بەرەی گەشبین، ئەم لایەنە پێیانوایە شەرع سەرکەوتوبوە لەگۆڕینی ڕێڕەوی خۆی لەپاشخانێکی
جیهادیی توندڕەوەوە بۆ حکومەتێکی میانڕەوتر کە دەتوانێت سەقامگیریی لەناوچەکانی ژێر
دەسەڵاتی بپارێزێت،دوهمیش بەرەی گوماناویه، ئەم لایەنەش بەتوندی دژی هەر جۆرە نزیکبونەوەیەکنو
پێیانوایە ئەم گۆڕانکارییانەی ئەحمەد شەرع تەنها گۆڕانکارییەکی ڕوکەشیو تاکتیکییە
بۆ ڕاکێشانی سۆزی نێودەوڵەتیو شاردنەوەی ئایدیۆلۆژیا ڕاستەقینەکەی".
لەناو جەرگەی ئەم مشتومڕانەدا، پرسی پاراستنی
پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا وەک ئەولەوییەتێکی باڵا دەردەکەوێت، وەلید فارس جەختدهكاتهوه،
هەر جۆرە دەسەڵاتێک لەسوریای داهاتودا، دەبێت گرەنتی پاراستنی مافو ناسنامەی
(کورد، مەسیحی، دروز، عەلەویو سوننە میانڕەوەکان) بکات، ئەم هەڵوێستەش ئاماژەیە بۆ
ئەوەی کە واشنتۆن تەنها سەیری هێزی سەربازیی ناکات، بەڵکو دەیەوێت دڵنیابێتەوە لەوەی
سوریا بەرەو دەسەڵاتێکی تاکڕەوی ئایینی نوێ هەنگاونانێت.
ئەم دابەشبونەی واشنتۆن لەکاتێکدایە کە
گومانێکی زۆر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەیە، ئهویش، ئایا ئەحمەد شەرع دەتوانێت بەڕاستی
دەستبەرداری ئایدیۆلۆژیای جیهادی بێت؟ ئایا دەسەڵاتەکەی توانای ئەوەی هەیە وڵاتێکی
ئاڵۆزی وەک سوریا بەڕێوەببات کە لەچەندین نەتەوەو ئایینی جیاواز پێکهاتوە؟
داهاتوی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هێزە
نوێیەکانی سەر زەوی لەسوریا، بەستراوەتەوە بەیەکلاییکردنەوەی ئەم ململانێ ناوخۆییەی
واشنتۆن، تائەوکاتەی ئەحمەد شەرع بەکردەوە نەسەلمێنێت کە دەتوانێت پارێزەری هەموو
پێکهاتەکان بێت، گومانی واشنتۆن وەک بەربەستێکی گەورە لەبەردەم شەرعییەتی نێودەوڵەتی
دەسەڵاتەکەیدا دەمێنێتەوە.
