شارپرێس:
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر لێواری تەقینەوەیەکی گەورەدایە؛ لەکاتێکدا ئیسرائیل مەشقە سەربازییەکانی بۆ جەنگێکی "لەناکاوو گشتگیر" دەستپێکردوە، بنیامین ناتانیاهۆ هەڕەشەی گورزێکی "خەیاڵی" لەتاران دەکاتو هێرشە مەیدانییەکانیش لەباشوری لوبنانو کەناری ڕۆژئاوا گەیشتونەتە ئەوپەڕی توندی.
ئامادەکاریی بۆ جەنگی گشتگیر
لەسەر ڕێنمایی سەرۆک ئەرکانی سوپا، ئیسرائیل مەشقێکی سەربازیی بەرفراوانی بەناوی (کازیوەی بەرەبەیان 2.0) ئەنجامدا، فەریق ئیال زامیر سەرۆک ئەرکانی سوپا ڕایگەیاند، "ئەم مەشقە پەیامێکە بۆ هەمولایەک كه ئیسرائیل بۆ جەنگی لەناکاو لەچەندین بەرەی جیاوازدا ئامادەیەو دەستمان دەوەشێنین لەهەر کەسێک بیەوێت زیانمان پێبگەیەنێت".
هەڕەشەکانی ناتانیاهۆ بۆسەر ئێران
لەسەر ئاستی سیاسیی، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پەیامێکی توندی ئاراستەی تاران کردو ڕایگەیاند، "ڕوخانی ڕژێمی ئێران نزیکبوەتەوە"، ناتانیاهۆ هۆشداریدا کە ئەگەر تاران هێرشبکات، "گورزێکی وای بەردەکەوێت کە تەنانەت خەیاڵیشی بۆ نەکردوە"، ئەو جەختیکردەوە، ئیسرائیل ئێستا لەهەموو کاتێک بەهێزترەو ئامانجی سەرەکییان کۆتاییهێنانە بەهەژمونی ئێران لەناوچەکەدا.
بەرەی لوبنان؛ کوژراوو پێکدادانی درۆنەکان
لەمەیدانی جەنگدا، گرژییەکانی نێوان حزبوڵڵاو ئیسرائیل چوەتە قۆناغێکی نوێوە، حزبوڵڵا بەدوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیکردەسەر هێزەکانی ئیسرائیل، بەڵام یەکێکیان خرایە خوارەوە. لەبەرامبەردا، ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی ئەنجامدا کە دیارترینیان پێکانی ئۆتۆمبێلێک بوو لەشاری "نەبەتیە"، کە بهگوێرهى سەرچاوە لوبنانییەکان سێ کەس تێیدا کوژراون، هەروەها سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بارەگایەکی حزبوڵڵایان تهختى زهوى كردوه کە لەناو نەخۆشخانەیەکی کۆندا دروستکرابوو.
ئۆپەراسیۆنی کەناری ڕۆژئاوا
هاوکات لەگەڵ بەرەکانی دیكهى جەنگ، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی گەورەی لەشارۆچکەی "عەقابە" لەباکوری کەناری ڕۆژئاوا ئەنجامدا، لەم ئۆپەراسیۆنەدا کە بەهاوکاری "شاباک" بەڕێوەچوه، 10 ئەندامی بزوتنەوەی حەماس دەستگیرکرانو دەستبەسەر موشەکو بڕێکی زۆر مادەی تەقەمەنیدا گیرا کە بۆ ئەنجامدانی هێرش ئامادەکرابون.
ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی دژی کۆچپێکردنی فەڵەستینییەکان
لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، هەشت وڵاتی عەرەبیو ئیسلامی (لەوانە سعودیە، تورکیاو میسر) لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا بەتوندی سەرکۆنەی لێدوانەکانی دوو وەزیری توندڕەوی ئیسرائیل (بن غەفیرو کاتس)یان کرد سەبارەت بەکۆچپێکردنی زۆرەملێی خەڵکی غەزە، ئەم وڵاتانە هۆشدارییاندا کە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانەو دەبێتە هۆی تێکچونی زیاتری سەقامگیریی ناوچەکە.
ئەم پەرەسەندنانە نیشانیدەدەن کە ئیسرائیل تەنها لەیەک بەرەدا شەڕ ناکات، بەڵکو ستراتیژییەکی نوێی گرتوەتەبەر کە خۆی لەلێدانی حزبوڵڵا، کۆنتڕۆڵکردنی کەناری ڕۆژئاواو هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆسەر تاران دەبینێتەوە، لەکاتێکدا گوشارە نێودەوڵەتییەکانیش بۆسەر تەلئەبیب ڕوو لەزیادبونن.
