تورکیا هەوڵی فراوانکردنی هەژمونی خۆی لەلوبنان دەدات

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 266 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "ئەلئەخبار"ی لوبنانی، لەراپۆرتێکدا بەپشتبەستن بە سەرچاوەیەکی حکومەتی لوبنان، ئاشکرایکردوە کە تورکیا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازیی و چەکی پێشکەوتوو بە سوپای لوبنان، لەگەڵ خواستی بەشداریپێکردنی لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا.


بەپێی سەرچاوەکە، پەیوەندییە سیاسییەکان لە نێوان لایەنە فەرمییەکانی لوبنان و ئەنقەرە بەردەوامن، بەڵام سەرۆکایەتیی کۆماری لوبنان بە سەرۆکایەتیی جۆزێف عۆن بەشداریی لەم پەیوەندییانەدا ناکات. ئەنقەرە چەندین جار بە بەیروتی ڕاگەیاندوە کە ئامادەیە پشتگیریی سەربازیی بباتە پێشەوە و ڕەخنەشی لە شێوازی مامەڵەکردنی لوبنان لەگەڵ دۆسیەی داماڵینی چەکی حیزبوڵڵادا گرتوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردوە کە ئەم جوڵەیەی تورکیا هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنی هەژمونی خۆی لە لوبنان و ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاستدا، نەک وەک جێگرەوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ڕۆڵی ئەمریکا. هەروەها تورکیا داوای کشانەوەی تەواوەتیی ئیسرائیل لە باشوری لوبنان دەکات.

لە لایەکی ترەوە، ئەنقەرە هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و حکومەتی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع سەرپێ بخاتەوە، بەتایبەت دوای ئەو ئاڵۆزییانەی لەگەڵ کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەددا دروست بون.

ئەوەش هاتووە: تورکیا لەسەر ئەو بڕوایەیە کە "ئاسایشی سوریا بەشێکە لە ئاسایشی لوبنان، و ئاسایشی تورکیاش لە ئاسایشی سوریایە"، بەمەش دەیەوێت ڕێگریی لە هەر ڕوبەڕوبونەوەیەکی نوێ بگرێت.

لەراپۆرتەکەی رۆژنامە لوبنانییەکەدا هاتوە کە داواکارییەکانی تورکیا تەنها پشتگیریی سەربازی نییە، بەڵکو بەشدارییە لە ڕێکخستنە سیاسی و ئاسایشییەکانی ناوچەکە، لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی تورکیا ڕەخنەیان لە لێکنزیکبوونەوەی ستراتیژیی جۆزێف عۆن لەگەڵ قوبرس و یۆنان گرتوە.

ئەنقەرە پێی وایە بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاستدا هەیە و ڕێگە نادات هاوسەنگییەکان بە شێوازێک بگۆڕدرێن کە هەژمونی کەم بکەنەوە یان لوبنان بخەنە ناو میحوەرێک لەگەڵ ئیسرائیل، یۆنان و قوبرس.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی