شارپرێس:
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ڕۆژی سێشەممە سزای بەسەر ٣٦ ئامانجی پەیوەست بە كەرتی فڕۆكەوانی ئێراندا سەپاند، لەنێویاندا ٢٧ هێڵی ئاسمانی و دەڵێت، ئەو هەنگاوە بەئامانجی توندكردنەوەی دابڕانی دارایی تاران و بڕینی دەستڕاگەیشتن بە فڕۆكە و تەكنەلۆژیایە.
گەنجینەی ئەمریكا ڕایگەیاند، فەرمانگەی كۆنترۆڵكردنی سەروەت و سامانی بیانی ئەو هێڵە ئاسمانیانەی كردووەتە ئامانج بەهۆی ڕۆڵی ئەوان لە پشتیوانیكردن لە چالاكییەكانی حكومەتی ئێران و گواستنەوەی چەك و كارمەند و باری نایاسایی.
گەمارۆكان ئێران ئەیر تور، هێڵی ئاسمانی ئێران، كیش ئەیر، قشم ئەیر، هێڵی ئاسمانی زاگرۆس و چەند كۆمپانیای دیكەی فڕۆكەوانی ئێرانی كردە ئامانج.
هەروەها سزاكە هەشت كۆمپانیا و كەسێكی لە چەند وڵاتێكدا كردۆتە ئامانج، كە گەنجینەی ئەمریكا ڕایگەیاندووە خزمەتگوزاری پێشكەش بە كۆمپانیای ماهان ئەیر كردووە كە لە ئێستاوە لە ژێر سزاكانی ئەمریكادایە، یان یارمەتی داوە لە دابینكردنی فڕۆكەی دروستكراوی ئەمریكا و پێكهاتەكانی پەیوەست بە فڕۆكەوانی.