شارپرێس:
ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئاحارۆنۆت"ی عیبری لەڕاپۆرتێکدا پەردەی لەسەر یەکەیەکی سەربازیی زۆر نهێنیی ئیسرائیل لاداوە کە بە "یەکەی 5700" ناسراوە.
ئەم یەکەیە بۆ ماوەی 5 دەیەی تەواوە لەبێدەنگیدا کاردەکات و ڕۆڵێکی گەورەی لەدەرەوەی سنورەکانی ئیسرائیلدا بینیوە، بەتایبەت لەدابینکردنی پشتگیریی لۆجیستیی و هەواڵگریی لەجەنگە نهێنییەکانی ناوچەکەدا.
ئەم یەکەیە کە بەفەرمیی بە "یەکەی دابەزینی پێشەوە" ناسراوە، بەشێکە لەباڵی هێزە تایبەتەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل. دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ دوای جەنگی 6ی تشرینی یەکەمی 1973ی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی میسر و سوریا.
ئەرکی سەرەکیی ئەم یەکەیە بریتییە لە دروستکردنی فڕگەی کاتی و نهێنیی لەهەر شوێنێکی جیهاندا، تاوەکو فڕۆکە سەربازییە قورسەکان بتوانن لەڕەوشێکی سەختدا نیشتنەوەو فڕین ئەنجام بدەن، بەدور لەبنکە ئاسمانییە ئاشکراکان.
فەرماندەی یەکەکە کە بەپیتی "ج" ئاماژەی پێکراوە، ڕایگەیاندوە یەکەکەیان "هیچ سنورێکی نییە"و توانای گەیشتنی بەهەر خاڵێک لەسەر نەخشە هەیە. ناوبراو جەختی کردۆتەوە کە تەنیا ئاستەنگ لەبەردمیاندا سروشتی ناوچەکەیە، نەک دوریی مەودا یان ڕەچاوکردنی لایەنی سیاسی.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم یەکەیە پێشتر بەشداریی کردوە لەدروستکردنی فڕگەی نهێنی لەبیابانی عێراقدا، بەمەبەستی پشتیوانیکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکان لەئێران. ئەمەش هاوڕای زانیاریی ڕۆژنامە ئەمریکییەکانی وەک "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" و "نیویۆرک تایمز"ە کە پێشتر باسیان لەبونی 2 بنکەی ئاسمانیی ئیسرائیلی لەناو خاکی عێراقدا کردبوو.
لەڕوی پێکهاتەوە، یەکەی 5700 چەندین پسپۆڕیی دەگمەن لەخۆدەگرێت؛ لەوانە "پشکنەری خاک" کە بەرپرسە لەدیاریکردنی توانای زەویی بۆ هەڵگرتنی کێشی فڕۆکە قورسەکان کە دەیان تۆن دەبن. ئەم پسپۆڕە ئامرازی سەرەتایی وەک سیخوڕی ئاسن بەکاردێنێت و هەندێک جار پەنا دەباتە بەر چەشتنی خاکەکە بۆ خەمڵاندنی سوێری و پێکهاتە کانزاییەکەی.
هەروەها "چاودێریی ئاسمانیی مەیدانی" کە ڕۆڵی بانیژەی چاودێری دەگێڕێت لە چۆڵەوانیدا، لەگەڵ "فەرماندەی فڕگە" کە ئەفسەرێکە بەپلەی ملازم یان نەقیب و بەرپرسیارێتیی تەواوی شوێنەکە هەڵدەگرێت.
مێژووی سەربازیی ئەم یەکەیە پڕ لە ئۆپەراسیۆنی هەستیارە، بەشێوەیەک لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردودا، بشداریی لەئۆپەراسیۆنی "موسا" کرد بۆ ڕزگارکردنی یەهودییەکانی ئیتسۆپیا لەڕێگەی سودانەوەو فڕگەیەکی نهێنی لەبیابانی سوداندا دروست کرد.
لەجەنگی لوبنانیشدا، ڕێ خۆشکەر بوو بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەیروت وەک بنکەیەکی لۆجیستی پێشکەوتوو. لەجەنگی ئەم دواییەی غەزەشدا، یەکەکە ڕۆڵی بینی لە گەیاندنی هێزی پاڵپشت بۆ ناوچەکانی دەوروبەری کەرتی غەزە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای هێرشەکەی حەماسدا.