شارپرێس:
یسڕائیل كاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیی خۆی لە ناوچەی ئەمنی لە سوریا دەپارێزێت و بەردەوام دەبێت لە چاودێریكردنی جموجۆڵەكانی حیزبوڵا لە دۆڵی بیقاع.
كاتس لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە لوتكەی چیای حرمون لە سوریا تۆماركراوە، دەڵێت "دیسانەوە لێرەم لە بنكەی چیای حەرمون، ئەمجارە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل هاتووم".
كاتس جەختی لەوە كردەوە كە ئیسرائیل "لەو ناوچە ئەمنییەی كە لە سوریا كۆنتڕۆڵی كردووە، ناكشێتەوە" و وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە بەرگریكردن لە بەرزاییەكانی جۆلان.
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا وتی: ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی پەیامێكی زۆر بەهێز و ڕوون بۆ سەرۆكی سوریا بنێرین كە لە دووری ٣٥ كیلۆمەتر لێرەوە لە كۆشكەكەی خۆی لە دیمەشق دانیشتووە: ئێمە لێرەین لەسەر چیای حەرمون، ئێمە لە ناوچەی ئەمنیداین.
كاتس دەڵێت: ئێمە لێرەوە جوڵە ناكەین، بەمەبەستی خۆپاراستن لە هەڕەشەكانی هەر گروپێكی جیهادی لەم دیوی سنوورەكە، هەروەها لە ناو ئەو پێكهاتانەی كە هەن لە خودی سوریادا.