شارپرێس:
ئەمڕۆ 11ی ئەیلولی 2026، ڕێك 25 ساڵ بەسەر کوشندەترین هێرشی تیرۆریستیی مێژودا کە تێیدا چوار فڕۆکەی نەفەرهەڵگر لەلایەن ڕێکخراوی قاعیدەوە ڕفێندرانو کێشران بەبورجە دوانەکانی نیویۆرک، بینای پێنتاگۆنو دەشتاییەکانی پێنسلڤانیاداو بونە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی سێ هەزار مرۆڤو گۆڕینی نەخشەی سیاسییو ئەمنیی جیهان، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبونی چارەکە سەدەیەکو ئەنجامدانی هەزاران لێکۆڵینەوەی زانستیو فەرمیی، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، بۆچی هێشتا ملیۆنان مرۆڤ لەجیهاندا بڕوا بەگێڕانەوە ڕاستەقینەکان ناکەنو پەنا دەبەنەبەر تیۆرییەکانی پیلانگێڕیی؟
خەڵک متمانەیان بە"دەسەڵاتدارەکان" نەماوە
ڕاپرسییەکی فەرمیی دامەزراوەی (YouGov) کە لەمدواییانەدا ئەنجامدراوە، شۆکێکی گەورەی ئاشکراکردوە؛ دەرکەوتوە کە 20٪ی هاوڵاتیانی ئەمریکا (واتە لەهەر پێنج کەس یەک کەس) بڕوایان وایە کە حکومەتی وڵاتەکەیان خۆی لەپشت هێرشەکانی 11ی ئەیلولەوە بوە!.
زانایانی دەرونناسیی کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم ڕێژە بەرزە نیشانەیەکی ڕونی داڕمانی متمانەی نێوان هاوڵاتیانو دامەزراوە فەرمییەکانە، یەکێک لەباوترین ئەفسانەکانیش ئەوەیە کە بورجەکانی سەنتەری بازرگانیی جیهانی بەهۆی کێشرانی فڕۆکەکانەوە نەڕوخاون، بەڵکو لەڕێگەی "تەقینەوەی کۆنترۆڵکراوی ژێرزەوی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە" تەقێنراونەتەوە؛ سەرەڕای ئەوەی پەیمانگهی نیشتمانیی پێوەرو تەکنەلۆژیای ئەمریکا (NIST)و زانکۆی (MIT) بەبەڵگەی زانستیو ڤیدیۆیی ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردوەتەوە.
پێداویستییە دەرونییەکانو "کونە کەروێشکی" تیک تۆک
دکتۆر دانیال جۆلی پسپۆڕی تیۆرییەکانی پیلانگێڕیی لەزانکۆی نۆتینگهام ڕونیدەکاتەوە، ڕوداوە کتوپڕو گەورەکانی وەک 11ی سێپتهمبهر، هەستی ئاسایشو دڵنیایی لای مرۆڤەکان دەهەژێنن، مرۆڤ لەوکاتەدا پێویستی بەوەیە دڵنیابێتەوە کە "هەموو شتێک لەژێر کۆنترۆڵدایە"، بۆیە کاتێک ناتوانێت قبوڵی بکات کە وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا بەو شێوەیە غافلگیرکراوە، مێشکی کورتەبڕ دەکاتو پەنادەباتەبەر بڕواکردن بەوەی کە "پیلانگێڕییەکی گەورەو شاراوە لەپشت دیمەنەکەوەیە".
ئەم دۆخە دەرونییە لەدوای ساڵی 2004و لەگەڵ سەرهەڵدانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک، یوتیوبو تیکتۆک گەیشتە لوتکە، ئەلگۆریتمی ئەم ئەپڵیکەیشنانە وا دەکەن بەکارهێنەر بکەوێتە ناو "کونە کەروێشک" (بێهۆشو نوقمبون لەزنجیرەیەک زانیاریی چەواشەکار)، بەجۆرێک کە مۆبایلەکەی تەنها ئەو ڤیدیۆو بابەتانەی پیشاندەداتەوە کە گومان لەڕاستییەکان دەکەن.
کاتێک پیلانگێڕیی دەبێتە چەکێکی کوشندە
شارەزایان هۆشداریدەدەن، تیۆرییەکانی پیلانگێڕی تەنها شیکاریی سەر شاشەکان نین، بەڵکو سێ مەترسیی گەورەیان هەیە، یهكهمیان زۆربونی ترسو گۆشەگیریی، لەبری ئەوەی هەستی ئاسایش بدەن بەمرۆڤ، بێمتمانەیی لەکۆمەڵگەدا دەچێنن، دوهم، تێکەڵکردنی ڕاستیو درۆ، بەهۆی ئەوەی لەسەر بنەمای "شتێکی شاراوە لەتاریکیدا" دروستبون، بەبەڵگەی زانستی ڕەتناکرێنەوە، سێیهمیش گۆڕانیان بۆ توندوتیژییو ڕەگەزپەرستی، مێژوو سەلماندویەتی کە ئەم تیۆرییانە هەمیشە دەبنە هۆی دروستبونی حوکمی پێشوەختەو کۆمەڵکوژیی.
لەدۆسیەی 11ی سێپتهمبهردا، جولەکەکان کراونەتە ئامانج لەڕێگەی زیندوکردنەوەی ڕقو کینە دژی جولەکەکان بڵاوبکەنەوەو بەناهەق تۆمەتباریان بکەن کە ئەوان لەپشتی وێرانکارییەکانی جیهانەوەن، نمونەکەی هێرشە چەکدارییەکەی ساڵی 2019ی سەر کەنیسەکەی شاری هالی ئەڵمانیا بوو.
چارەسەر چییە؟
مێژونوسانو ڕێکخراوە ناحکومییەکان لەئەڵمانیاو جیهان جەختدەکەنەوە، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم شەپۆلە، پێویستە زمانێکی نوێی گفتوگۆ لەگەڵ ئەوکەسانەدا بگیرێتەبەر کە بڕوایان بەو تیۆرییانە هەیە، بەشێوازێک کە ڕێز لەلۆژیکیان بگیرێت، بەڵام بەفاکتو بەڵگەی زانستیی جێی متمانە وەڵامبدرێنەوەو لەسەروو هەموشیانەوە: پێویستە مرۆڤایەتی دوبارە فێری متمانەکردن بەزانستو حەقیقەت ببێتەوە.