شارپرێس:
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەمڕۆ هێزەکانی 70 و 80 بە
پرۆسەیەکی ورد، سەربازییانە و پلان بۆ داڕێژراو یەکخرانەوەو پرۆسەی یەکخستنەوەی
هێزەکانی پێشمەرگە بە سەرکەوتویی کۆتاییهات.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری
پێشمەرگە لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" ئەمڕۆ بە
شانازییەوە، مژدەیەکی مێژوویی و دەستکەوتێکی مەزن ڕادەگەیەنین کە خەونی لەمێژینەی
گەلەکەمان بووە؛ پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە لە
ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرکەوتویی کۆتاییهات ".
ئەوەشیخستەڕوو،" دوای چەندین ساڵ تێکۆشان، هەوڵدانی
بەردەوام و وەک یەک تیمی پێکەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی
هێزەکانی حەفتا و هەشتا کە هاوکار و ڕێگەخۆشکەربون، توانیمان سەرجەم بەربەست و
گرفتە کەڵەکەبوەکان تێپەڕێنین ".
شۆڕش ئیسماعیل وتیشی،" ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە هەموو
توانای خۆمان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە تەرخانکرد، تا گەیشتین بەم دەرئەنجامە
باڵایەی کە ئەمڕۆ هێزەکانی 70 و 80 بە پرۆسەیەکی ورد، سەربازییانە و پلان بۆ داڕێژراو یەکخرانەوە ".
باسی لەوەشکرد،" لە چوارچێوەی ئەم چاکسازییە ڕیشەییەدا،
تەواوی هێزەکان لەسەر ئاستی یەک فەرماندەیی وکۆنترۆڵ ، (لیواو فیرقەو فەرماندەیی دەڤەر) ڕێکخرانەوە ".
بەپێی وتەی وەزیری پێشمەرگە، هەردوو دەڤەری فەرماندەیی سەربازی
بە فەرمی دەستبەکار دەبن. ئەمە دەستکەوتێکی مێژوییە و هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی
سوپایەکی یەکگرتوو و سەردەمیانە ، لە ژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
وەزیرئ پێشمەرگە دەشڵێت،" ئەم دەستکەوتە گەورەیە ئەنجامی
پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی
حکومەت بووە، لەگەڵ ڕۆڵی گرنگ و باڵای هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی
ئەمریکا لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانماندا. ستایشی بێپایانی
هاوکارییەکانیان دەکەین و داوایان لێدەکەین لە قۆناغی داهاتوودا، بە شێوازێکی جیاوازتر
بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان ".
