کێ دەبێتە میراتگری هەژمونی ئێران لەناوچەکەدا؟

توێژینەوە و شیکاریی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1568 جار خوێندراوه‌ته‌وه

هەڤاڵ عارف

لە گۆڕەپانی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ساڵانێکە هەژموونی ئێران وەک یەکێک لە جەمسەرە کاریگەرەکانی هاوکێشەی ناوچەیی ڕۆڵی بینیوە، تاران لە ڕێگەی داڕشتنی تۆڕێکی ئاڵۆز لە هێزە وەکالەتییەکان و باڵادەستی ئایدۆلۆژییەوە، توانیویەتی بە درێژایی هیلالی شیعی، لە بەغدا و دیمەشقەوە تا کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، قەڵغانێکی ستراتیژی دروست بکات و سێبەری قورسی خۆی بخاتە سەر بەشێکی بەرچاو لە بڕیارە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە، بەڵام لەگەڵ پێشهاتەکانی ئێستادا، ئەگەری هەر پاشەکشە و لاوازبوونێکی تواناکانی تارا، تەنیا کەلێنێکی جیۆپۆلەتیکی سادە جێناهێڵێت، بەڵکو ئەو پرسیارە چارەنووسسازە دەهێنێتە ئاراوە، لەم ململانێ فرەجەمسەرییەدا، کام کارەکتەری ناوچەیی دەبێتە میراتگری ئەم بۆشاییە و قەڵەمڕەوی خۆی تێدا دەسەپێنێت؟

کردنەوەی گرێی ئەم پرسیارە ئاسان نییە، چونکە ئەم هاوکێشەیه تەنیا مەسەلەی کەمبوونەوەی نفوزی ئێران نییە و ڕەهەندی قووڵتری لەپشتەوەیە، بەڵام لە خوێندنەوەی هاوکێشەکەدا، ئەنقەرە زیاتر لە هەر کارەکتەرێکی تر وەک جەمسەری پڕکردنەوەی بەشێک لەم بۆشاییە دەردەکەوێت، تا لەو ڕێگەیەوە بنەماکانی پڕۆژە جیۆپۆلەتیکییەکەی لەسەر پاشەکشەی هەژموونی تاران بنیات بنێتەوە، بۆچی ئەنقەرە لە دۆخی پاشەکشەی ئێراندا وەک یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکان دەردەکەوێت؟ ئەمە پرسیارێکی گرنگە و  سەرتا پێویستە سەیری ئەو ڕێگایە بکەین کە تورکیا لە دوو دەیەی ڕابردوودا پێیدا تێپەڕیوە.

لە دوای جڵەوی دەسەڵات لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە، ئەنقەرە  فۆرمێکی نوێی سیاسی گرتەبەر، سەرەتا بە پشتبەستن بە ئابووری و دیپلۆماسی، بناغەی هەژموونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیزاینکردەوە، بەڵام لەگەڵ گۆڕانی هاوکێشەکان و بەتایبەت لە دوای ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبییەوە، تورکیا قۆناغێکی جیاوازی بڕی، لە دەوڵەتێکی پشتبەستوو بە هاوپەیمانێتییە ڕۆژئاواییەکانەوە، خۆی گۆڕی بۆ کارەکتەرێکی سەربەخۆتر و پێگەکەی بۆ ڕەهەندی سیاسی، ئایدیۆلۆژی و سەربازی فراوان کرد، بەمەش توانی قووڵاییەکی جوگرافی نوێ بۆ خۆی دابڕێژێت و بازنەی کاریگەرییەکانی لە سووریا و عێراقەوە بۆ قەتەر لە کەنداو، لیبیا لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست، سۆماڵ و سوودان لە شاخی ئەفریقا، تا دەگاتە ئازەربایجان لە ناوچەی قەفقاز درێژ بکاتەوە.

لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ زلهێزەکانیشدا تورکیا خۆی بە هیچ جەمسەرێکەوە گۆشەگیر نەکردووە، بەڵکو وەک ئەندامێکی ناتۆ و دووەمین هێزی سەربازیی ئەو پەیمانە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییە ڕۆژئاواییەکاندا پەراوێزێکی سەربەخۆی بۆ خۆی دروست کردووە و لە هەمان کاتیشدا پەیوەندییە ئابووری و سەربازییەکانی لەگەڵ ڕووسیا پەرە پێداوە.

لەسەر ئاستی ناوچەییش، واژۆکردنی پەیماننامەی بەرگری هاوبەش لەگەڵ سعوودیە و پاکستاندا، تەواوکەری هەمان ستراتیژە، هەموو ئەم هەنگاوانە ئەوە نیشان دەدەن، کە ئەنقەرە بە شێوەیەکی سیستماتیک خۆی بۆ ڕۆڵێکی گەورەتر لە داڕشتنی هاوکێشە ئەمنی، سیاسی و ئابوورییە نوێیەکانی ناوچەکە ئامادە دەکات، تاکو لە قۆناغی پاشەکشەی ئێراندا بجێتە پێگەیەکی زۆر جیاواز و بەهێزترەوە.

بەڵام ئەم هەڵکشانە ستراتیژییانەی ئەنقەرە، زامنی ئەوە نییە، کە تورکیا دەتوانێت بە ئاسانی ببێتە تاکە جەمسەری باڵادەستی ناوچەکە و بە تەواوی جێگەی هەژموونی ئێران بگرێتەوە، گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکەڵەیەکی ئاڵۆزە لە ململانێ و بەرژەوەندییە دژبەیەکەکان، تێیدا پڕکردنەوەی بۆشاییەکی جیۆپۆلەتیکی گەورەی لەم شێوەیە، تەنیا بە خواست و ئامادەسازییەکانی ئەنكەرە یەکلایی نابێتەوە. بگرە تورکیا کە ئێستا گیرۆدەی داکشانی بەهای دراوەکەی و هەندێک گەمارۆ بووە، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگ و هاوکێشەی قووڵی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەبێتەوە، کە ڕێگە نادەن هیچ هێزێک بە تەنیا و بێ ڕکابەر قەڵەمڕەوی ڕەهای خۆی بەسەر تەواوی ناوچەکەدا بسەپێنێت.

ئاستەنگەکانی  بەردەم  باڵادەستی ئەنكەرە؟ 
دیارترین ئاستەنگ لەو فاکتەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا لە دوو جەمسەری وەک ئێران و تورکیا پێکنەهاتووە، بەڵکو گۆڕەپانێکە چەندین جەمسەری کاریگەری دیکە لەخۆدەگرێت، ئەمەش سەرباری سێبەر و هەژموونی قورسی وڵاتانی زلهێزی جیهانی و بەتایبەتی ئەمریکا، دواتریش روسیاو چین بەئاستی جیاواز، بۆیە لە هەر هەنگاوێکی لەم چەشنەدا بۆ داگیرکردنی ئەو بۆشاییەی ئێران، تورکیا بە توندی ڕووبەڕووی بەربەست و ڕکابەرییەکانی ئیسرائیل، سعوودیە، ئیمارات، میسر و تەنانەت خودی ئەمریکاش دەبێتەوە، کە هیچ کامیان ڕێگە بە تێکچوونی هاوسەنگی هێز نادەن لە بەرژەوەندی باڵادەستی ڕەهای یەک دەوڵەت.

لە ئەگەری ئەوەی تورکیا بیەوێت ئەو هەنگاوە بنێت، لە یەکەم وێستگەدا، ڕووبەڕووی دیواری ئەمنی ئیسرائیل دەبێتەوە، تەلئەبیب بە وریاییەوە چاودێریی پاشەکشەی ئێران دەکات و بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە ڕێگە بدات هەڕەشەیەکی نوێ لە سنوورەکانی نزیک ببێتەوە، لە گۆڕەپانی سووریاشدا، ئیسرائیل تەنیا چاودێر نییە، بەڵکو لەڕێگەی هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانییەوە بە شێوەیەکی پێشوەختە ئەو ژێرخانانە وێران دەکات، کە ئەنقەرە دەیەوێت بۆ جێگیرکردنی پێگەی خۆی و فراوانکردنی قەڵەمڕەوییەکەی بەکاریان بهێنێت وەکو ئەوەی لە ئەبو  زهور بینیمان.

ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەی پێویستی بە تورکیا هەیە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ناوچەکە، بەڵام قبوڵکردنی ئەنقەرە وەک جەمسەرێکی باڵادەست و بێڕکابەر، بەتەواوی لە دەرەوەی ستراتیژیەتی ئەمریکایە، مانۆڕە بەردەوامەکانی تورکیاش لە نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ و سەربەخۆییە ستراتیژییەکەی  کە زیاتر  وێنەیەکی یاخیبووی پێ بەخشیوە وای لە ئەمریکا کردووە تەنیا تا ئەو ئاستە پشتیوانی بکات، کە کۆنترۆڵی هاوکێشە ناوچەییەکان لەدەستی خۆی دەرنەچێت.

سعوودیە، سەرباری ئەوەی پەیماننامەی بەرگری و ڕێککەوتنی لەگەڵ تورکیا هەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا جەمسەرێکی ڕکابەرە لەچەندین پێشهاتیشدا ململانێی قووڵ و بێمتمانەیی لە نێوانیاندا رویداوە، لەئێستاشدا ڕیاز خۆی بە ڕابەر و جەمسەری سەرەکی جیهانی سوننە و وڵاتانی عەرەبی دەزانێت، بۆیە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ هەڵکشانەکانی ئەنقەرە دەکات و نایەوێت هیچ هێزێکی تر سێبەر بخاتە سەر پێگەکەی، لەپاڵ سعودیەشدا میسر وەک هێزێکی گەورەی عەرەبی، بەهۆی ئایدیۆلۆژیای ئیخوانیەوە بەتەواوی ناتەبایە لەگەڵ ئەنقەرە و هەرگیز ڕێگە نادات تورکیا قەڵەمڕەوی خۆی بەرەهایی لە وڵاتانی عەرەبیدا بسەپێنێت.

گۆڕانکاری لە باڵانسی هێز و هەژموونی ناوچەیی، تەنیا ڕەهەندی ئەمنی و سیاسی نییە، بەڵکو دەست بۆ کارتی ئابووری زلهێزەکانیش دەبات، ڕووسیا وەک یاریزانێکی سەرەکی گۆڕەپانەکە و زلهێزێکی بواری وزە، کە لە قەیران و ناکۆکییەکی قووڵدایە لەگەڵ ئەوروپا، بە وردی حیسابات بۆ فراوانبوونی قەڵەمڕەوی جەمسەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و ڕێگە نادات هاوسەنگی ناوچەکە بە جۆرێک تێکبچێت پێگەی وزەی مۆسکۆ بێبایەخ بکات و  بیخاتە مەترسییەوە.

لە پاڵ ئەو ئاستەنگانەدا، دەبێت ئەو ڕاستییەش لەبەرچاو بگیرێت کە پاشەکشەی هەژموونی ئێران لە هەندێک ناوچەدا، بە مانای هەرەسهێنانی یەکجاری نفوزی ئەو جەمسەرە نایەت، حوسییەکان لە یەمەن هێزێکی سەرەکین و بەشێکی گرنگی جوگرافیای ئەو وڵاتەیان لەژێر کۆنترۆڵدایە،  لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا بینیمان، کە چۆن توانییان بە شێوازێکی کتوپڕ و خێرا کۆنترۆڵی تەواوی گەرووی ستراتیژیی بابولمەندەب و شاری کەناراوی مۆخا بکەن و شکست بە هێزەکانی سەر بە جەمسەرە ڕکابەرەکانی دیکەی ناوچەکە بهێنن، حیزبوڵڵاش ژمارەیەکی قورس و جیانەکراوەی هاوکێشەی سیاسی و سەربازی لوبنانە، لە عێراقیشدا هێزە سیاسی و گرووپە چەکدارە شیعەکان ئاراستەکردنی بڕیاری سیاسی وڵاتەکەیان بەتەواوی لە چنگدایە و قسەی سەرەتاو کۆتایی لای ئەوانە.

بەدیوێکتردا، تاران لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا خۆی وەک مەرجەعیەتی باڵای شیعەکانی جیهان پێناسە کردووە و لە ڕێگەی ئەم پەیوەندییە ئایدۆلۆژییەوە نفوزی وەک تۆڕێکی بەرفراوان برەوپـێداوە لە بەرامبەردا، تورکیا نمایندەیی هەموو سوننەکان ناکات، تەنیا پاشخانی ئیسلامی سیاسی پارتی حوکمڕان و باکگراوەندی ئایدیۆلۆژیای لەگەڵ ڕەوتی ئیخوان، بنەمای جیاوازی نفووزی تورکیا پێکدەهێنن، هەر ئەم فاکتەرەش ڕێگرە لەوەی ئەنقەرە بتوانێت بە تەواوی جێگەی هەژموونی ئێران بگرێتەوە، بۆیە ئەگەر ئێران لە گۆڕەپانێکی وەک سووریادا پاشەکشەی کردبێ، هێشتا ئەو تۆڕە قوڵەی لە یەمەن، لوبنان و عێراقدا بونیادی ناوە، بەمیکانیزم و ئالیەتی جیاواز دەتوانێت بەردەوامی بە کاریگەرییەکانی تاران بدات.

لە کۆتاییدا، هەر بۆشاییەکی جیۆپۆلەتیکیش  لە ئەنجامی ئەم پاشەکشەیە دروست ببێت، تەنیا بە  قازانجی تورکیا ناکەوێتەوە، بەڵکو دابەشی سەر هەژموون و بەرژەوەندی وڵاتە هەرێمییەکانی دیکەش دەبن و ململانێیەکی فرەجەمسەری نوێ دەست پێدەکات، بۆیە نە تورکیا نە هیچ هێزێکی دیکەی ئیقلیمی ناتوانن ببنە میراتگری رەهای  هەر پاشەکشەیەکی هەژموونی ئێران ئەگەر لەداهاتوودا ڕووبدات.